کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی کۆنگرەی ئەمریکا: بەرپرسانی ئێرانی جێگەی متمانە نین

19:14 - 22 خەرمانان 2722

"گاتهایمێر"، نوێنەری دێموکراتی کۆنگرەی ئامریکا دەڵێ: "بەرپرسانی ئێرانی، هاوپەیمانی چین و ڕووسیە و هاوپەیمانی "پۆتینـ"ـن بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراین، بۆیە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن جێگەی باوەڕ و متمانە نین.

"جاش گاتهایمێر"، نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانان لە وتووێژێکدا لەگەل ڕۆژنامەی" جێروزاڵم پۆست" لەسەر بابەتی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران وتی: "سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا هەموو هەوڵێک دەدەن کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگەن بە ڕێککەوتنێک، بەرپرسانی ئێران بەردەوام بیانووی جۆراجۆر دێننەوە و نایانهەوێ ئەو ڕێککەوتنە بکەن، بۆیە لە کەس و هیچ وڵاتێک شاراوە نییە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە جێگەی متمانە و باوەڕ نین و نابێ ئەمریکا لەگەڵ ڕێژێمێکدا کە پشتیوانی سەرەکیی تێروریزمە لە جیهان ڕێککەوتن بکا".

ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: "ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران ئەو کەسانە نین کە بتوانین متمانەیان پێ بکەین و لەگەڵیان بچینە ڕێککەوتنێکەوە، ڕێژیمی ئێران هاوپەیمانی نزیکی وڵاتانی چین و ڕووسیەیە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خۆی بە مەبەستی هێرش بۆ سەر وڵاتی ئۆکراین بە ڕووسیە فرۆشتووە.

ئەو نوێنەرەی کۆنگرەی ئامریکا، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "کۆنگرە بە یەکدەنگی داوای لە سەرکۆماری ئامریکا کردووە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەلە نەکا و ئەگەر ئەو کارە بکا ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی کۆنگرە دەبێتەوە".