کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی پشتیوانییە نێونەتەوەییەکان لە ئاڵبانی پاش هێرشە سایبێرییەکەی ڕێژیمی ئێران

11:51 - 23 خەرمانان 2722

پاش ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دووجار هێرشی سایبێری کردە سەر ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی وڵاتی ئاڵبانی، وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش پشتیوانیی خۆیان لە وڵاتی ئاڵبانی دەربڕی و ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانیان بە توندی مەحکووم کرد.

ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئاڵبانی، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا هێرشی سایبێریی ڕێژیمی ئیران بۆ سەر هاوپەیمانەکانی قەبووڵ ناکا، ئێمە هەموو هاوکارییەکی ئاڵبانی دەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران.

بلینکێن سەرەڕای مەحکووم کردنی هێرشی سایبێریی ڕێژیمی ئیران بۆ سەر سیستمی چاوەدێریی سنوورەکانی ئاڵبانی وتی: ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێران کردەوەیەکی ناشایست و ناپەسەندە و لە کۆمەڵگەی جیهانیدا مەحکووم کراوە.

لە لایەکی دیکەوە" ئایدان ڕۆڵ" جێگری وەزیری دەروەی ئیسرائیل، سەبارەت بە و هێرشە بۆ سەر ئاڵبانی، بە وەزیری دەروەی ئاڵبانی ڕایگەیاندووە کە، ئیسرائیل دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بێ بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە سایبێرییەکانی ڕێژیمی ئێران بەدژی ئەو وڵاتە.