کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێهیوایی ئەمریکا و ئورووپا لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران

11:55 - 23 خەرمانان 2722

پاش داواکارییە نابەجێیەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕەشنووسی ئامادەکراوی یەکیەتیی ئورووپا بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی، ئامریکا و ئورووپا لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژیمی ئێران نایهەوێت ئەو رێککەوتنە سەر بگرێ.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بێ‌ئاکام مانەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە نێوان ڕێژیمی ئیران و وڵاتانی زلهێزی جیهانی نووسی: ڕێژیمی ئێران بە دووبارەکردنەوەی داواکارییە نابەجێیەکانی کە هیچکام لە داواکارییەکانی پێوەندییان بە بەرجامەوە نییە، تەنیا مەبەستی کات بەفێڕۆدانە و نایهەوێت ڕێککەوتنی ناوکی واژۆ بکا.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی باڵای ئامریکایی و یەکیەتیی ئورووپا بەو واڵ ستریت ژۆرناڵیان ڕاگەیاندووە کە، ئێمە هیچ جۆرە هیوایەکمان بە بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران تا پێش لە هەڵبژاردنە دەورەییەکانی ئامریکا نییە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تا ئیستا هیچ بڕیارێک لەلایەن دەوڵەتی جۆ بایدن، سەرکۆماری ئامریکا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا لە ئارادا نییە بەڵام کاتێکی زۆر کەم لە بەر دەستدا ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی.

لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی" بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان" لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین چیدیکە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەرمی بنوێنن.