کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

12:58 - 23 خەرمانان 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی پیرانشار و کامێران، بەبۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێستورانی "میکۆنۆس" چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لایەنگران و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێگای قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی، لە شاری پیرانشار بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان سییەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان، کە لە ڕێستورانی میکۆنۆس لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، بەدەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران شەهید بوون، بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی و وێنەی شەهیدانی میکۆنۆس، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا گەیشتن بە ئامانجی پیرۆزیان درێژەدەری ڕیگایان بن.

هاوکات ئەوینداران و دڵسۆزانی دێموکرات لە شاری کامێران لە گەڕەکەکانی مەسکەنی مێهر، جاددەی سنە - کرماشان، بان ١٢ میتری، فازی ٤ و شارەکی هەڵالە و شارەکی بێعسەت، بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی وێنەی ڕێبەری شەهید، بۆ جارێکی دیکەش سەلماندیان کە درێژەدەری ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدانن و یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت.