کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکراکردنی دەیان بنکەی بەرهەمێنانی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە لایەن ئیسرائیلەوە

12:59 - 23 خەرمانان 2722

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی سووریە، مۆڵگەی میلیشیاکانی خۆی کردووەتە بنکەی بەرهەمهێنانی مووشەکی پیشکەوتوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، "یۆرۆنیووز"ـی ئیسرائیل، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەموو دامودەزگا سەربازییەکانیدا لە وڵاتی سووریە، زیاتر لە ١٠مۆڵگەی میلیشیا تێرۆریستەکانی خۆی کردووەتە بنکەی بەرهەمێنانی مووشەکی پێشکەوتوو و چەکی قورسیش بەرهەم دێنێ و ئەوەش دەوڵەتی ئیسرائیلی نیگەران کردووە کە کۆماری ئیسلامی دەستی ئاوەڵاتر دەبێتەوە بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە نزیک سنوورەکانییەوە.

هەر لەوبارەیەوە فەرماندەیەکی پلەبەرزی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە لێدوانێکدا‌ ‌هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر شارەکانی "حەیفا و تەلئەڤیڤ"ـی ئیسرائیل کرد و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دڕۆنێکی پێشکەوتووی بە ناوی "ئارەش٢" بەرهەم هێناوە کە ئەرکی سەرەکیی، لێدانە لە شارەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤ، دوابەدوای ئەو لێدوانە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی: ئامانج لەو هەڕەشانەی تاران، تەنیا بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناوچەکەیە و سەردەمی قاسم سولەیمانیش هەمان سیاسەت هەبوو بۆیە دەبێ ئێستاش پێش بەو جۆرە سیاسەتە تێکدەرانە بگیردرێ.