کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

13:06 - 23 خەرمانان 2722

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)،

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەسکەندەر بێسپار" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی فەتاح خەڵکی "شیناوێـ"ـی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویش، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری پیرانشار دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "جەلال تەباک" دانیشتووی پیرانشار و "سابیر ئوسلوب" خەڵکی گوندی "کێلەسیپیان"یان دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووەتەوە.

شایانی باسە تا کاتی بڵاوبوونەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم سێ هاووڵاتییەوە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.