کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکرانەوەی داوای پێداچوونەوە بە دۆسییەی بەندکراوی سیاسیی کورد "کەماڵ شەریفی"

22:07 - 23 خەرمانان 2722

داوای پێداچوونەوەی کەماڵ شەریفی بە دۆسییەکەی کە ساڵی ڕابردوو بۆ دیوانی بەرزی دادگاکانی ئێرانی ناردبوو لە لایەن ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە.

بە پێی هەواڵی "خۆراگری"، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای پێداچوونەوەی کەماڵ شەریفی بە دۆسییەکەیدا کە ساڵی ڕابردوو بۆ دیوانی بەرزی دادگاکانی ئێرانی ناردبوو لە لایەن ڕێژیمەوە ڕەت کرایەوە.

"کەماڵ شەریفی"ی تەمەن ٥٠ ساڵ، ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لە بەندیخانەی میناب بەند کراوە و تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەقز دەسبەسەر و بۆ لێپێچینەوە گوازرابووە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە.

"کەماڵ شەریفی" لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سەقزەوە بەتۆمەتی "موحاربە" بەهۆی "هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی میناب مەحکووم کرا.

کەماڵ شەریفی ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە بەندیخانەی میناب تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گوازرایەوە بۆ نەخوشخانەی ئەو شارە و پاش ٤ ڕۆژ لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا، لەلایەن بەرپرسانی زیندان و بەبێ ئاگاداریی پزیشکەکەی گەڕێندرابووە بۆ بەندیخانە.

ناوبراو لە ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ گوازرابووە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەندەرعەباس و نەشتەرگەریی بۆ کرابوو؛ پاش نەشتەرگەرییەکەی سەڕەرای پێویستیی زیاتر بۆ مانەوەی لە نەخۆشخانە، پاش دوو ڕۆژ دووبارە بۆ زیندانی میناب، گەڕێندراوەتەوە.