کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی ئازادیی کوردستان- باکوور لە حیزبی دێموکرات

16:18 - 23 خەرمانان 2722

شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان - باکوور سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد .

ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەرمانان (١٣ی سپتامبری ٢٠٢٢)، شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان - باکوور بە سەرۆکایەتیی مستەفا ئۆزچێلیک سەرۆکی گشتیی  PAK سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن وەفدێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "مستەفا هیجری"، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا سەرەتا بەڕێز ئۆزچێلیک بە ناوی پارتی ئازادییەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆیانی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە شاندی حیزب ڕاگەیاند و ئەم دەسکەوتە سیاسییەی بە وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانی. 

لە بەردەوامیی باسەکانی ئەو دیدارەدا بەڕێز هیجری سپاس و پێزانینی حیزبی دیمۆکراتی پێشکەش بە شاندی میوان کرد و هیوای خواست سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و ئەزموون‌وەرگرتن لە مێژووی خەبات و تێکۆشانیان لەو پێناوەدا هەنگاو هەڵگرن.

لەو دیدارەدا هەردوو لایەن وێڕای باس لەسەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و کوردستان پرسی کوردیان لە هەردوو بەشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کرد و هەر کام لە گۆشەنیگای هەڵویست و بەرنامەی حیزبیی خۆیانەوە، ڕووداو و پێشهاتەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردیان هەڵسەنگاند.

دوو لایەن لە کۆتایی دیدارەکەدا بە لەبەرچاوگرتنی پێوەندیی دۆستانەی خۆیان پێیان لەسەر پێویستی و بەردەوامیی بەهێزترکردنی ئەو پێوەندییانە داگرتەوە.