کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی بێوچانی گەل زامنی سەرکەوتنە

22:12 - 23 خەرمانان 2722

شەماڵ تەرغیبی

٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ 30 ساڵ بەسەر تێرۆری سکرتێری ئه‌وكاتی حیزبی دێموکرات، جێگری لێوەشاوە و بەرحەقی شەهیدی نەمر د.قاسملووی هەمیشە زیندوودا تێدەپەڕێ. . لە کاتژمێرێکی ڕەشدا و لە پێتەختی وڵاتی ئاڵمان د.سادق شەرەفکەندی و یارانی شه‌هید فه‌تاح عه‌بدولی، شه‌هدی هومایوون ئه‌رده‌ڵان و شه‌هید نووری دێهكوردی لە ڕێستۆرانتی میکۆنۆس و پاش بەشداری لە ٢٠ـەمین کۆنگرەی ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست و لەکاتی دانووستان لەگەڵ چەند لایەنێکی ئێرانی بەمەبەستی هەوڵدان بۆ سازکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە ئۆپۆزسیۆنی سەرانسەری لەدژی کۆماری ئیسلامی کەوتنە بەر تیری شەوپەرستان و شەهید کران.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە هەبوون و هەن كەس یان كەسانێك كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دنیای دەورووبەر بە ئاراستەی توندوتیژی و هەڕەشە و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوەدا بردووە. سڕینەوەی فیزیكی وەك كاردانەوەیەك، دەربڕی تەحەممول نەكردنی لایەنی بەرانبەر و ڕوانگە و خواستەكانی و دەرخەری لاوازیی توانای پێكەوەسازان و پەیوەندییە لە نێوان دوو لایەنی ناتەبا و پێكناكۆكدا. 

ئەوەی ڕوونە و بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر مێژووی مرۆڤایەتی دەردەکەوێ ئەو ڕاستییەیە کە سروشتی مرۆڤ تێكەڵەیەكە لە زێدەخوازی، دەسەڵاتخوازی و هەستی ڕكەبەرایەتی و كۆی ئەو تایبەتمەندییانە ناچاری دەكات بەدوای دەستەبەركردنی دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵات و نواندنی دەسەڵاتەوە بێت. زۆرجار لەو پێناوەشدا لە ڕەوشە نائەخلاقی و ناسیاسییەكانیش كەڵك وەردەگرێت و پەنا بۆ هەر كردەوەیەك دەبات كە لەگەڵ خواست و بەرژەوەندییەكانی یەك بگرێتەوە. كاتێك بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات بە لای مرۆڤێکەوە کە لە هەر جۆرە بەهایەکی مرۆڤانە بێبەرییە دەبێتە مەبەست، ئیتر گرینگیی چلۆنایەتیی دەستەبەركردنەكەی كاڵ دەبێتەوە و ساختەكاری و كوشتن و چەواشەكاری و تاوان و تاڵان دەبنە ئامراز بۆ گەیشتن بەو دەسەڵاتە. لەو حاڵەتەدا خاوەنی دەسەڵاتێكی ناڕەوای ئەوتۆ، بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵاتەكەی ئامادەیی ئەوەی تێدایە ویژدان و بەها مرۆییەكانیش پێشێل بكات و لەو ڕاستایەدا بكەوێتە دروستكردنی كەشی هەڕەشە و تۆقاندن و یەكێك لەو ڕەوشانەی بە مەبەستی تۆقاندن و پاشەكشەپێكردنی جیابیران، ڕەخنەگران، نەیاران و دژبەرانی دەسەڵاتەكەی بەكاری دەبات، سڕینەوەی فیزیكی یان تیرۆرە.

ئەمە ئەو سیناریۆیە کە لە رێستورانی میکۆنۆس له‌ ئاڵمان و پێش لەویش لە ڤیەنی پێتەختی ئۆتریش بەڕێوە چوو کە وەک زۆر جار یارانی د.شەرەفکەندی پێی لەسەر دادەگرنەوە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی تێرۆری میکۆنۆس ئەوە بوو کە پاش تێرۆری دوكتور قاسملوو لە ١٣ی ژوئیەی ١٩٨٩، دوكتور شەرەفكەندی رێبەرایەتیی حیزبی دێموكراتی وەئەستۆ گرت؛ هەرچەند تێرۆری دوكتور قاسملوو، خەسارێكی مەزن بۆ كورد بوو، بەڵام لەو رۆژە سەخت ‌و دژوارانەدا دوكتور شەرەفكەندی بە ڕێبەرایەتی لێبڕاوانە و ژیرانەی خۆی توانی هیوا و هومێد لە نێو ڕیزەكانی حیزب و لە نێوی خەڵكی كورددا بێنێتە ئاراوە و لەوەش زیاتر هەوڵەکان بۆ سازکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی خەباتکار لە ئاستی سەرانسەری بخاتە گەڕ کە ئەمە ترسی لە دڵی دوژمنانی ئازادی ساز کرد بۆیە تێرۆریان کرد.

بەڵام بە دڵنیاییەوە تیرۆر لێكەوتەی خراپی بۆ خودی بكەری كردەوە تیرۆریستییەكەش دەبێت و ئەو مەبەستەی كە لە پشتی تیرۆرەكەوە بووە، بە تەواوی بۆی نایەتە دی و بۆی ناچێتە سەر. نموونەی بەرچاویشی تیرۆر و كوشتنی هەمەجۆرەی ڕێبەرانی بزووتنەوەی كوردە كە هەموو ئەو مەبەستانەی لە پشت بوو كە ئاماژەیان پێدرا، بەڵام ئایا ئەو تیغە دووسەرە دەتوانێ‌ هەتا سەر لە دەستی دەسەڵاتدارانی دیكتاتۆری ئێراندا بمێنێتەوە؟  ئایا توانییان بەو كردەوە دزێوانە بزووتنەوەی كوردی لە پێ‌ بخەن؟ ڕەنگە بەرژەوندیخوازیی ئابووریی هەندێ لە دەسەڵاتداران ڕێگر بووبێت بۆ سەروەرکردنی یاسا و ڕەوتی مافخوازیی لایەنی ستەملێکراو بە ئاکامی دڵخواز نەگەیشتبێ بەڵام وەك بینیمان پەرەوەندەی میكۆنۆس و بە تاوانبار دەرچوونی كۆماری نەزانی و سێدارە بە تێرۆریزمی دەوڵەتی دەرحەق بە شارۆمەندانی خۆی، بووە هۆی ڕیسوایی نێونەتەوەیی بۆ كۆماری ئیسلامی. لە لایەكی دیكەشەوە پرسێکی گرینگی دیکە کە لێرەدا دەبێ قامکی بۆ ببەین ئەوەیە کە بزووتنەوەی كورد نەك هەر لە پێ‌ نەكەوت، بەڵكوو ئاگری خەبات و خۆڕاگرییەكەی زیاتر بڵێسەی سەند و شۆڕش بە گوڕوتینێكی زیاتریشەوە بەردەوام بووە و دەبێ‌ و بیری پووچەڵی تیرۆریستان كە پێیان وابوو بە سڕینەوەی فیزیكیی سەركردەكانی كورد دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژوو لە بەرژەوندیی خۆیان بگۆڕن، پووچەڵ بوویەوە.

لە ٣٠ــەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری مەزنی گەلەكەمان دوكتور سادق شەرەفکەندیدا، دەبینین كە ناو، یاد و ڕێبازی ئەو گەورەپیاوە بەرز و مەزنە، كەچی تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی هەر بە مردوویی دەژین و تەنیا نەنگ و شەرمەزاریی مێژووییان بۆ ماوەتەوە. بەڵگەی سەلمێنەری ئەم وتەیەش لەلایەکەوە بەردەوامی ڕێگا و ڕێبازی ئەوان چ لای هاوسەنگەرانی لە شاخ و چ لای ڕێبوارانی لە سەنگەری شارە کە لە خەرمانانی خەم و پەژارەدا بە چالاکیی جۆراوجۆر و بێ گوێدان بە هەڕەشە و فەزای تۆقاندنی زاڵ یادی دەکەنەوە و وانەکانی وەک قوتابییەکی ڕاستەقینە وەبیر دێننەوە تاکوو لە سەختەڕێگای خەباتدا تووشی هەڵە و بەلاڕێداچوون نەبن.

یاد و ناوی شەهیدانی میکۆنۆس و سەرجەم شەهیدانی حیزب و گەل بەرز و بەڕێز بێ.