کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو وانە گەورانە چین كە شەرەفكەندی دەبێت فێرمان بكات

10:54 - 24 خەرمانان 2722

كەیهان یووسفی

مێژوو گۆڕەپانی ڕۆڵگێڕیی پیاو و ژنە مەزنەكان بووە. ژیان و هەڵسوكەوتی ئەوان پڕن لە وانە بۆ فێركردنی نەوەی داهاتوو بەمەبەستی بونیاتنانی ژیان و كۆمەڵگەیەكی باشتر.

ڕێبەر و قارەمانەكان چیان هەیە فێری ئێمەی بكەن و بەتایبەتی خوێندنەوەی ژیانی شەهیدی نەمر سادقی شەرەفكەندی، ڕێبەری ڕۆژە سەخت و دژوارەكانی بزووتنەوەی كوردستان و حیزبی دێموكرات، چیمان فێر دەكات؟

سەرەتاییترین شت كە ڕێبەر و كەسایەتییە سیاسییەكان سەرنجی ئێمە بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن ڕەنگە چۆنیەتیی جل پۆشینیان بێت. جۆرج واشنگتۆن تەنیا كاتێ یونیفۆرمی فەرمیی لەبەر دەكرد كە كۆمار لە مەترسیدا بوایەت و بەم چەشنە بە شوێنكەوتووان و خەڵكەكەی دەفاماند كە ئەو توانایی و ئیرادەی بەرگری كردن لەوانی هەیە. كەواوپانتۆڵە خاكی و سادەكەی شەرەفكەندی كە میراتی ڕێبەری مەزن قاسملوو بۆ ئەو بوو و لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە فەرمییەكاندا بەو ڕۆخسارەوە دەردەكەوت، لە زانستی ڕێبەری و كارگێڕیدا خاوەنی بەهایەكی بەنرخە!

سیمای پێشمەرگە، واتە لەخۆبردوویی و گیانبەخشین لە پێناو خەڵك و خاك و ئازادیدا، پێشمەرگە قارەمانی چیرۆكی ئازادیخوازیی كوردستانە، پێشمەرگە، واتە ئیرادەیەكی نەبەزیو و نەگیراو. شەرەفكەندی و جلە خاكییەكەی لەنێو كۆڕی پێشمەرگەدا، ئەوی دەكرد بە یەك لە ئەوان و هێمایەك كە دەتوانێت ڕێبەرێكی بەتوانا بێت كە پێشمەرگانە توانایی بەرگریكردن و دەستنیشانكردنی ڕێگای بۆیان هەیە.

شەرەفكەندی جەنگاوەرێكی سەربازی یان فەرماندەیەكی سەربازی نەبوو. خۆی و جێگاكەی باش دەناسی. ڕێبەرە گەورەكان ئەو كەسانەن كە جێگە و پێگەی خۆیان دەزانن، كە ئەسڵ و فەرع لە یەكتر جیا دەكەنەوە و ئەو شتەی كە پسپۆڕییان لێی نییە جێی دەهێڵن بۆ خاوەنی خۆی.

 لە ڕۆژاوای دێموكراتیكدا، ڕێبەر و كەسایەتییە سیاسییەكان لە ڕێگەی دەنگدان و لە نێوان خەڵكی سڤیلدا هەڵدەبژێردرێن كە یاسا ئەو مافەیان پێ دەدا تا فەرمانی شەڕ یان ئاشتی ڕابگەیەنن بەڵام ئەوان خۆیان لە كاروبار و وردەكاریی سەربازی نادەن. شەرەفكەندی و قاسملوو لە ڕەگەزی ڕێبەرە دێموكراتیكە ڕۆژاواییەكان بوون.

 نموونەیەكی بچووك لە ئەزموونێكی وەها، شەڕی ساڵی ١٩٥٦ی كەناڵی سوئێزی بریتانیا و فەرانسە دژی وڵاتی میسر بوو. سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی بریتانیا سێڕ ئانتۆنی ئیدێن، كە كەسایەتییەكی لایەنگری ئاشتی بوو تاكوو شەڕ، خۆی لە كاروباری فەرماندە سەربازییەكانی هێزی ئاسمانیی پاشایەتی بریتانیا بەر دەدا و تەنانەت پێیان دەڵێت لە چ بۆمبێك كەڵك وەردەگرن. ئەمەش دەركەوتەی خراپی بۆ بریتانیا لە گۆڕەپانی شەڕدا لێ دەكەوێتەوە.

گەورەیی وانەی زانستی ڕێبەری لە پۆلێنبەندی ڕێبەرەكاندا، نرخێكی وەها بۆ ئەم كارەی ئیدێن دانانێت و وەكوو خاڵێكی لاواز و جێی ڕەخنە باسی دەكات.

شەرەفكەندی پیاوی ڕێكخستن و سیاسەت بوو. ئەو كاروباری سەربازیی بە فەرماندە سەربازییەكان سپاردبوو، ئەوەی دەكرد كە دەیزانی ئەنجامدانی لە توانایدایە. وانەی ئەو ڕۆژانە پێمان دەڵێت كە دوای كۆسپی گەورەی شەهیدبوونی د. قاسملوو و پێش لەوەش دابڕانی بەشێكی زۆر لە كادر و فەرماندەی شەڕ لە حیزب، هێزی شەڕكەری حیزب هێشتا هەر كاریگەر و گەورەترین ترسیان لە دڵی پاسدار و ڕێژیمی ئاخوندی خستبوو. ئەو ئازادیی لە كاروباری سەربازیدا بە فەرماندە سەربازییەكان دابوو و ئەو دەسەڵات و هەیبەتەی لێیان نەستاندبوو.

پائۆل جانسۆن گەورە نووسەری ئەمریكی لە وتارێكدا لە ژێرناوی "هیرۆكان: پیاوە گەورە سیاسییەكان چ شتێك دەبێت فێری ئێمە بكەن؟" چەندین فاكتەر و پارامێتر بۆ ڕێبەر و كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی دەستنیشان دەكات كە لێرەدا ئێمەش لە ڕێگەی تێڕوانینی ئەوەوە كەسایەتی ڕێبەریی د. شەرەفكەندی پێ هەڵدەسەنگێنین.

ئایدیا و باوەڕەكان، یەكێك لەو پێوەرانەن. باشترین ڕێبەرە دێموكراتیكەكان ڕەنگە سێ یان چوار تایبەتمەندییان هەبێـت كە ئەوان هان بدات كە لە هەر هەلومەرجێكدا نەبنە قوربانی. ئەو ڕێبەرانەی بۆچوونیان لەسەر هەموو شتێك هەیە وەك وانەیەكی مێژوویی جێی تێڕامان نین. جیاكردنەوەی ئەسڵ و فەرع لە نێوان ئەو شتەی كە ڕوودەدات و ئەو شتەی باشە و دەبێت ڕوو بدات وەكوو فەزیلەتێكی ڕێبەری ئاماژەی پێ كراوە. شەرەفكەندی باوەڕی تەواوی بە چەند شت هەبوو: خەبات، گشتگیركردن و بەشداری هەمووان، پەروەردەی كوردی لە بنەماڵەوە تا نێو شۆڕش، ڕێزگرتن لە دیسیپلین و ڕێسای ڕێكخراوەیی و مافی خەڵكی كورد و كۆڵنەدان و تەسلیم نەبوون. باوەڕەكانی و ئیدەكانی بۆ گەیشن بە ئامانجەكان ئەوی كردبووە ئەو كەسەی كە ئەمڕۆ نەسڵی ئێمە دەبێت لێی بكۆڵێتەوە و لێی فێر بێـت.

ئیرادە، فاكتەر و پێوەرێكی بەهێز و گرینگی كەسایەتی و ڕێبەرێكی سیاسییە بۆ چۆنیەتیی ژیان كردن لە نێو كۆمەڵدا. كەسێكی سیاسی ئەگەر خاوەنی هەموو تایبەتمەندییەكانی دیكە و خەرمانێكی گەورەی زانیاریش بێت، كە ئیرادەی نەبوو یانێ هیچ.

هەموو ڕێبەرێك خاوەنی ئیرادەیە و بۆ ئەوەی زاڵ بن بە سەر ڕووداوەكاندا بە لۆژیك و هۆكار ئیرادەیان بە كار دێنن. ڕێژەی ئیرادەی ڕێبەرەكان بە بەروارد لەگەڵ ئەوانی تر جیاوازیی زۆرە. ئەو شتەی ئەوان بەدی دەكەن، خەڵكی تر نایبینن و هەر بۆیە پاشەكشەی ئەوان لە خواستەكانیان زۆر ئەستەمە.

بۆ ڕێبەرێك تەنیا بوونی ئیرادە كافی نییە. ئیرادە بە شێوەیەكی ئۆرگانیك پەیوەستە بە دەركەوتە یان وەدیهاتنی ئامانجەوە. ئەوەی ئیرادە دەكاتە فاكتەرێكی كاریگەر و بەهێز بۆ ڕێبەرێك، پێداگری(pertinacity ) یە. ئیرادەیەكی بەهێز و پێداگربوون بۆ گەیشتن بە ئامانج ڕێبەر دەكاتە كەسایەتییەكی جیاواز. شەرەفكەندی كۆڵەكەی ئیرادە و پێداگرێكی بێ وێنە بوو. كۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، بێ قاسملوویی و ڕزگاریی باشوور و گوشاری ئێران لە ڕێگەی پارتەكانی باشوورەوە بۆ سەر حیزب و شەرەفكەندی بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕ باس لە ئیرادە و شكۆی شەرەفكەندیمان بۆ دەكەن. ئەو لە وەڵامدا وتی ئێمە ئەوەی نایناسین، دانانی چەكەكانمان لە بەرانبەر هێزی پاسدار و ڕێژیمی ئاخوندییە.

ئیرادەیەكی پێداگر دەتوانێت هۆكار بێت بۆ هەر تێچوویەك و ڕیسكێكی گەورەی بە دوای خۆیدا بێت. ئەمە تایبەتمەندیی ڕۆژگارێكی ڕەش و پڕمەترسییە كە دەبێتە تاقیگەی دەركەوتنی ڕێبەرێكی هەڵكەوتوو. شەرەفكەندی دەیتوانی ئەوەی كردی نەیكات تا دەزگای تیرۆری ڕێژیم لە دڵی ئۆرووپای هێمای دێموكراتیك بووندا تیرۆری نەكەن بەڵام ئەو پێداگرانە ئەنجامی دا و تەنانەت مەرگیشی بوو بە پەڵەیەكی ڕەش بە ناوچاوانی ڕێژیمی تاران و سەرشۆڕییەكی گەورەی نێونەتەوەیی بۆیان.

توانایی بۆ چێكردنی پێوەندی، فاكتەرێكی سەرەكی بۆ ڕێبەر یان سیاسییەكی گەورەیە. وتاردان ڕەنگە پێوەرێكی بەهێز بێت بۆ ڕێبەر تاكوو پێوەندی لەگەڵ بەردەنگ دروست بكات. بەڵام هەمیشە وتاردان تەنیا فاكت نییە. پائۆل جانسۆن لەبارەی جۆرج واشینگتۆنەوە دەڵێت كە ئەو لە ڕێگەی كەسایەتی و كردەوەی خۆیەوەی پردی پێوەندیی دروست دەكرد. كەسێك بوو لێهاتوو، دەست‌پاك كە گەندەڵیی لێ بە دوور بوو و هەر ئەمەش وایكردبوو كە پێوەندییەكی بەهێز لەگەڵ خەڵك دروست بكات.

شەرەفكەندی ئاكادێمییەكی ئاست بەرز و مامۆستایەكی پلەبەرزی زانكۆ بوو. وتاربێژێكی باش بوو و لە هەمانحاڵیشدا خاوەنی كەسایەتییەكی بەرز و پاك و بێگەرد. كۆرسی زانكۆ و بنەماڵە و منداڵی بەجێ هێشتبوو و شاخ و خەباتی هەڵبژاردبوو. لایەنگرێكی قورسی پڕەنسیپی حیزبی و ڕێكخراوەیی بوو. قوتابییەكی بەئەمەگی قاسملوو و لە هەمانحاڵدا ڕەخنەگرێكی بە لۆژیكی قاسملوو لە كۆڕوكۆبوونەوە حیزبییەكان و لەمەڕ پرسە حیزبییەکان بوو. تاقە بژاردەی قاسملوو بۆ جێگیرەوەی خۆی بوو و شەرعیەتێكی تەواوی لە نێو كادر و ئەندامان هەبوو، ئەمەش نە لە ڕێگەی وتاردان بەڵكوو كەسایەتی و پاكی و سادقبوونی پێی بەخشی بوو.

یەكێكی دیكە لەو فاكتەرانە كە پێناسەكردنی زۆر دژوارە و ناكرێت پێناسەی بكەیت بەڵام دەتوانی دەرك و هەستی پێ بكەیت، گەورەیی ڕۆح greatness of soul ە.

ئێمە نە تەنیا ڕێز لە پێشەوا، قاسملوو و شەرەفكەندی دەگرین، بەڵكوو ناخودئاگا، لەڕادەبەدەر خۆشیانمان دەوێـت. ئەم خۆشهاتنە گرێدراوی گەورەیی ڕۆحی ئەوانە كە وەك پێوەرێك بۆ پێناسەی ڕێبەر و كەسایەتییە گەورەكان پائۆل جانسۆن باسی لێوە دەكات.