ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی٢٧٢٢ی کوردی، دایە "مەعسوومە جەلالی"، دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە تەمەنی ٩٥ ساڵی لە شاری پاوە کۆچی دوایی کرد.
دایە مەعسوومە لە ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی لە شاری "نەوسوود"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵێنا.
دایە مەعسوومە، دایک، خوشک و پووری سێ شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهیدان "سەبری جەلالی، دارا ئیسلامدووست و ستار جەلالی" و دایکی پێشمەرگەی بەوەجی هێزی شاهۆ، "داریووش ئیسلامدووست" و خوشکی کادری لەمێژینەی حیزب کاک "عەبدولکەریمی جەلالی" بوو.
بنەماڵەی دایە مەعسوومە لە یەکەم بنەماڵەکانی نەوسوود و دەڤەری هەورامان بوون کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداریی ٤٦- ٤٧ پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوەی کوردستان دەبن.
پاش پەیوەستبوونی شەهید سەبری، برا مێرخاسەکەی دایە مەعسوومە بە شۆڕشەوە، داگیرکەرانی وڵات هەر لەو کاتەوە دەست بە ئازار و ئەزیەتی دایە مەعسوومە و بنەماڵەکەی دەکەن و هەناسەیەکی هێوریان لێ بە ڕەوا نابینن.
لە بەرەبەری شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ هەر زوو فەرماندە ئازا و چنگ بەگڕەکەی هەورامان، شەهید سەبری جەلالی، برای دایە مەعسوومە دەست بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزب لە شاری نەوسوود دەکات و لە ماوەیەکی کورتدا دەیان و سەدان لاوی خوێنگەرمی شار پەیوەست بە شۆڕش دەبن.
لەگەڵ هەڵگیرسانی خەباتی پێشمەرگانە و بەرگریی ڕەوای هێزی پێشمەرگە، ماڵی دایە مەعسوومە و بەگشتی بنەماڵەی سەربەرزی جەلالی دەبێت بە لانکە و شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی هێزی شاهۆ و دەڤەری هەورامان.
لەو ڕێگا پیرۆزەدا، دایە مەعسوومە هێشتا هەنسکی ئاخی شەهیدبوونی برا فەرماندەکەی، شەهید سەبری جەلالی لێ نەبڕابوویەوە، کە هەواڵی شەهیدبوونی کوڕە جگەرگۆشەکەی، پێشمەرگەی ئازا و بەوەجی هێزی شاهۆ، شەهید "دارا ئیسلامدووستـ"ـیان پێ دا.
هەر لەو ساڵانەشدا بەداخەوە دایە مەعسوومە ئازار و مەینەتیی شەهیدبوونی برازاکەی، شەهید "ستار جەلالی" کادری بەوەجی حیزبیشی لەسەر شان نا.
دایە مەعسوومە پاش شەهیدبوونی کوڕەکەی، شەهید "دارا ئیسلامدووست" لە شاری نەوسوود و بەهۆی خەباتی برا و کوڕ و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە نێو ڕیزەکانی حیزبدا، بەتایبەت پاش ڕادەستکردنەوەی حەوت پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، چەندین جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر، بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێ کراوە و تووشی نەهامەتی و ئازاری زۆریان کردووە.
سەرەڕای هەموو ئازار و مەینەتییەکان، دیسانەوە دایە مەعسوومە هەتا دواچرکەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان و حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە مەعسوومە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.