ئاکۆ عەلیزادە
کاتێک باس لە لانکەی بیری تێرۆریستی و فکریەتێکی فاشیزمی لە دەوڵەتێکی خاوەن دەسەڵاتدا دەکەین، یەکەم شت کە دوای تەواوی هەوڵەکان بۆ تێرۆری فکر و سڕینەوەی کولتور و مێژووی ئەو وڵاتە دێتە بیرمانەوە، هەوڵدانە بۆ تێرۆری فیزیکیی ڕێبەران و خۆشناوانی گەلێک کە بژاردەی گەلی خۆیانن تاکوو بتوانن مافە پێشێلکراوەکانی گەلەکەیان دەستەبەر بکەن.
ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران یەکێکە لەو ڕێژیمە فاشیست و کۆلۆنیالیستییانەی کە بە ئایدیایەکی دژەمرۆڤانەوە، سەرەڕای پێشێلکردنی تەواوی مافە سەرەتاییەکانی چین و توێژە ژێردەستەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکییەکان هەوڵی بۆ لەناوبردنی هەرچەشنە بیرێکی ئازادیخوازانە لەنێو هزری خەڵکانی ئێران داوە و لەو ڕاستایەدا زۆرجار کە شکستی هێناوە لە بەرامبەر وێژمانی نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد، دەستی داوەتە کارە چەپەڵ و قێزەونەکانی خۆی و هەوڵی تێرۆر یەکێک بووە لەو کارانەی کە ڕووڕەشیی بۆ ئەو ڕێژیمە نگریسە بەدواوە بووە.
حیزبی دێموکرات یەکێک لەو حیزبانەی کوردستان بووە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگارییخوازانەی خۆی، لە دژی ستەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی ئێران، بووەتە قوربانیی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە و هەمیشە وڵامی دیپلۆماسی و دیالۆگی ئەو حیزبە بە تێرۆر و کردەوە دژەمرۆییەکان دراوەتەوە .
ئەوە کەتوارێکی حاشالێنەکراوە کە ڕێژیمی ئێران لەسەر بنەمای ترساندنی خەڵک و بە مێلیتاریزەکردنی شارەکان و بە ئاژاوەنانەوە بە ئامرازە ژێردەستەکانی وەک گرووپە تێرۆریستییەکان هەمیشە بووەتە بێشکەیەک بۆ توندئاژۆیی بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد ئەو ڕاستییە زەقتر دەبێتەوە.
لە دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کەم لە تێرۆری ڕێبەری گەلی کورد دوکتور قاسملووی زانا بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، دوکتور سادق شەرەفکەندی وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەڵبژێردرا و تا ڕادەیەکی زۆر جێگای خاڵیی دوکتور قاسملووی پڕ کردبوویەوە .
لەو کاتانەدا کە حیزبی دێموکرات لە ژێر ڕێنوێنی و ڕێبەریی دوکتور شەرەفکەندی، هێز و توانستی خۆی وەدەست دەهێنایەوە جارێکی تر کۆمیتەی تێرۆری کۆماری ئیسلامی و تێرۆریستەکانیان کەوتنەکار و لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ٧١ لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کە لە ڕێستۆرانێک بەناوی میکونۆس لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە دەبنە ئامانج و لە ئاکامدا دوکتور شەرەفکەندی و سێ کەسی تر لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، ھۆمایوون ئەردەڵان و نووری دێھکۆردی شەهید کران و پەیوەست بە کاروانی سورخەڵاتانی گەل بوون.
هەر لەو کاتەدا کەسێکی ئێرانی و چەند کەسی بە کرێگیراوی لوبنانی کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای دادی وڵاتی ئاڵمان سەر بە دەزگای هەواڵگری و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بوون دەستگیر کران .
هەر لەمەڕ ئەو بابەتە دادگایەک بەناوی دادگای میکونۆس پێک هات کە نزیکەی سێ ساڵ کاری لەسەر ئەو دۆسییە کرد .
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا پێش لە تێرۆری میکونۆس بە چەندین تێرۆری لە خاکی وڵاتانی دەرەوە بە دژی دژبەرانی و ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی کە داوای مافی ڕەوای خەڵکی خۆیان لە ڕێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی و دیالۆگەوە دەکرد، بەڕێوە برد.
بەڵام ئەوە یەکەم جار بوو کە بە هۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە دادگایەکی خاوەن سەڵاحیەتدا، کارە تێرۆریستی و فاشیستییەکانی لەقاو دەدران. لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا دادگای میکۆنۆس ٢٧٠ جار کۆبوویەوە و ١٧٠ کەسی بە شاهیدی بانگهێشت کرد و دواجار لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ بڕیاری خۆی دەر کرد .
لەودا ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەوەی پێڕست و بەهۆی دەرکردنی فەرمانی تێرۆر بۆ ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەحکووم کران و هەندێک لەو کەسانەش کە دەستیان لە جێبەجێکردنی تێرۆرەکەدا هەبوو بە زیندان مەحکووم کران .
ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە سەرەڕای بەپەرۆشبوونی خەڵکی کورد بۆ لەدەستدانی ڕێبەرێکی دیکەی بەئەمەگ و کاریزما وەک دوکتور شەرەفکەندی کە زامێکە لەسەر پەیکەرەی خەباتی گەلی کورد و ڕێژیم بە نامرۆڤانەترین شێواز شەهیدی کردن، ئەوەیە کە ڕووی ڕەشی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرانی لە دادگایەکی خاوەن سەڵاحییەت بە تەواوی جیهانیان نیشان درا و دیسان ئەوە سەلمێندرا کە ڕێژیمی ئاخوندی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی و بە پەرەپێدانی تێرۆر بووەتە هاوکێشەیەک لە ناوچەدا و بەتایبەت لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئێران کە دەیانهەویست لە ڕێگای وتووێژەوە بگەن بە ئامانج و ڕێککەوتن بکەن. ئەوڕۆکە لە دوای تێپەڕبوونی سێ دەیە لەو کارەساتە دڵتەزێنە کە مێشک و دڵی هەموو کوردانی هەژاند و بریندار کرد، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران خەریکی کردەوەی تێرۆریستییە و ماهییەت و بوونی فاشیستی و کۆلۆنیالیستیی ئەو کە تەنیا چارەسەر بۆ خنکاندنی هاواری پەنگخواردووی ناڕازیان و ئازادیخوازان لە ڕێگای تێرۆرەوەیە دەبینێ و بووەتە لانکەی پەروەردەکردن و ئایدیۆلۆژیای تێرۆر و بەرهەمهێنانی میلیشیاکان، ئەوە لە کاتێکدایە کە نەیتوانیوە بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی ڕێگر بێت لە بەرەوپێشچوونی خەباتی ڕزگاریخوازیی حیزبی دێموکرات و ئەو بە چۆکدا بێنێ.
یادی ڕێبەری شەهیدمان دوکتور سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بۆ هەمیشە درەوشاوە دەبێت و دەبێتە پاڵنەرێک بۆ درێژەدانی ڕێگایان .