کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سییەمین ساڵیادی شەهیدانی میکونۆس

23:53 - 25 خەرمانان 2722

حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان، ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی لە بێرلین، بەدەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان سییەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی کە لە ڕێستورانی "میکونۆسـ"ـی شاری "بێرلینـ"ـی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان، لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کران، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی "مستەفا هیجری" بەرپرسی گشتیی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی‌ ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "مستەفا هیجری"، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند وتەیەکی لەو بارەیەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد و وتی: "بێگومان شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی خەسارێکی گەورە بوو بۆ گەلی کورد بەگشتی و بۆ حیزبی دێموکرات بە تایبەتی، دوای سی ساڵ بە سەر تێرۆرکردنیدا هێشتا ئامانج و ڕێبازەکەی پڕ لە ڕێبوارە و تا گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبێ و هەروەها بە ئاماژەدان بە یەکگرتنەوەی دێموکرات باسی لە خەباتی بێوچانی ئەو حیزبە کردووە کە دوای تێرۆرکردنی ڕێبەرانی سوورە لەسەر دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای گەلی کورد و لە سەنگەری یەکگرتنەوە و بە یەکگرتوویی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەباتی نوێمان دەست پێ کردووە و ئەم یەکگرتووییە دەتوانێ بناغەدانەری ئازادی و سەربەستی بێ بۆ نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

"هیجری" لە درێژەی وتەکانیدا وتی: "لەو کاتەوە کە دوکتور شەرەفکەندی شەهید بووە دەیان کتێب لەسەر گەورەیی ئەو ڕێبەرە نووسراوە و پێویستییەکی مێژووییە لەبەر ئەوەی دەبێ نەسڵی داهاتوو بزانێ کە لە مێژووی نەتەوەکەیان‌دا ڕێبەرێکی وایان هەبووە و نەتەوەکانی دیکەش پێویستە بزانن کە د.سادقی شەرەفکەندی بۆ نەتەوەی کورد، کاریزمایەکی گەورە بووە و دوای شەهیدکردنی ڕێبەرانی کورد، کۆماری ئیسلامی بەردەوام  هەوڵی داوە لە ڕێگەی تێرۆرەوە کۆتایی بە بیری ئازادی و مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنێ، بەڵام لەو پیلانەی‌دا سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو دوای شەهیدبوونی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات بە هەزاران ڕێبواری ئەو ڕێبازە پیرۆزە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان بوون، ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکاری بە تێرۆر و تۆقاندن دەستی پێ کرد بۆیە ئێستا لە ناوچەکە و جیهانیش متمانەپێکراو نییە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەگوڕتر لە جاران بە یەکگرتویی بەدژی ئەو ڕێژیمە تا گەیشتن بە ئامانجی شەهیدان خەبات دەکا".

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا دێکۆمێنتارێک لەسەر ژیان و خەباتی شەهید دوکتور "شەرەفکەندی" پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا سروودێک بۆ یادی ٢٦ی خەرمانان بە ناوی "سادق شەرەفکەندی"، لەلایەن کۆڕی سروودی حیزبی دێموکرات پێشکەش کرا. 

لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا شێعرێک لەلایەن "گوڵباخ بەهرامی" پێشكەش بە ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

هەروەها شێعرێکی تایبەت بە یادی سی ساڵەی تێرۆرکردنی دوکتور سادق و هاوڕێیانی کە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە ناردبوویان لەلایەن "ئاسکە حەسەن زادە " خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا مەقامێک لەلایەن پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات "هێمن" پێشكەش کرا.