کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کوژرانی مەهسا ئەمینی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پیشێلکاریی ئاشکرا و مەترسیداری مافی مرۆڤە

12:00 - 26 خەرمانان 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند کە، کوژرانی مەهسا ئەمینی هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرا و مەترسیداری مافی مرۆڤە.

ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی دژکردەوە بەربڵاوەکانی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی لەهەمبەر گیانلەدەستدانی "مەهسا ئەمینی" هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز کە لەلایەن "گەشتی ئیرشاد"ی کۆماری ئیسلامییەوە ئەشکەنجە و ئازار درا و دواتر بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا، "جەیک سالیوان"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە "ئێران ئینتێرناشناڵـ"ـی وت: "کوژرانی مەهسا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی تاران، کارەساتێکی گەورەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێژیمی ئێران دەبێ کۆتایی بە سەرکوتکردنی ژنان بێنێ.

جەیک سالیوان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی بەهۆی ئەو ئەشکەنجانەوە بووە کە لەکاتی دەسبەسەرکردنیدا تێرۆریستانی گەشتی ئیرشاد بەرانبەری کردوویانە بە بیانووی ئەوەیکە "حیجاب"ـی نەپاراستووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە یەکەمجاری نییە کە کارەساتی ئاوا گەورە دەخوڵقێنێ بەڵام ئەوەی بەدژی مەهسا کراوە بێحورمەتییەکی بێشەرمانەیە بە مافی مرۆڤ، بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و خەڵکی ئێران بەدژی ئەو کارەساتانەی ڕێژیمی تاران بێ دەنگ نەبن و هەڵویستی جیددیان هەبێ.