کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی خامنەیی، دیکتاتۆری سەردەم بەرەوە کۆتایی دەڕوات

12:25 - 26 خەرمانان 2722

پاش ئەوەیکە چاوپێکەوتنەکانی عەلی خامنەیی هەڵوەشاوەتەوە، ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران زۆر بەسەختی نەخۆشە.

ڕۆژنامەی ئامریکایی نیۆیۆرک تایمز، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بارودۆخی تەندروستیی دیکتاتۆری سەردەم، عەلی خامنەیی، لە زاری سەچاوە خۆجێیەکانی ئێرانەوە نووسی: پاش هەڵوەشاندنەوەی چاوپێکەوتنەکانی خامنەیی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە خەڵک، دەرکەوتووە کە عەلی خامنەیی زۆر بەسەختی نەخۆشە و لە ئێستادا لە ژێر چاوەدێریی وردی تیمێکی پزیشکیدایە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ٤ سەرچاوەی ئاگادار لەسەر تەندروستی خامنەیی بارودۆخی تەندروستی ناوبراویان ناجێگیر ڕاگەیاندووە و هەروەها وتوویانە ئەو دیکتاتۆرە تەمەن ٨٣ ساڵەی ڕێبەری ئێران، بەرەو کۆتاییەکانی ژیانی دەچێ و هەموو چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەڵوەشاندووەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە عەلی خامنەیی، یەکێک لە ڕێبەرە دیکتاتۆر و خوێنمژەکانی سەردەمی خۆیە و هەموو کەسێک و نەتەوەیەکی لە پێناو ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتی خۆیدا سەرکوت کردووە.