کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی دوو حیزبی سەرەکیی ئامریکا بۆ هەتاهەتایی‌کردنی گەمارۆکانی سەر ئێران

12:28 - 26 خەرمانان 2722

دوو حیزبی سەرەکیی ئامریکا لە کۆنگرەی ئەو وڵاتە پرۆژە یاسایەکیان ئامادە کردووە کە بەمەبەستی دەسپێڕانەگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، گەمارۆکانی ئامریکا بە دژی بەشی وزەی ڕێژیمی ئێران دەبێتە هەتاهەتایی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فاکس نیووز، دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، گەڵاڵەیەکیان بە ناوەرۆکی هەتاهەتایی‌کردنی گەمارۆکانی ئامریکا بەدژی بەشی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ئامادە کردووە، ئەو یاسایەیان ناو ناوەتە "سیسا" کە گەمارۆکان بەدژی ڕێژیمی ئێران هەتاهەتایی دەکا و پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکیی دەگرێ.

گەڵاڵەداڕێژەرانی ئەو پرۆژەیاسایە بە هەواڵدەریی فاکس نیووزیان ڕاگەیاندووە کە، ئەو پرۆژەیاسایە بەشی وزەی ڕێژیمی ئێران دەکاتە ئامانج پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە پارەی زۆر بۆ جێبەجێکردنی عەمەلیاتی تێرۆریستی و هەروەها پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئەو ڕێژیمه دەگرێ و بەپێی خاڵەکانی ئەو پرۆژەیاسایە ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕاناگات.

فاکس نیووز لە درێژەی راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: لە کاتێکدا ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن دوو حیزبی سەرەکیی ئامریکاوە پەسەند دەکرێ کە هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە بنبەست و پەسەندکرانی ئەو پرۆژەیاسایە لەژێر ناوی" سیسیا" پێش لە بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و هەروەها کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە دەگرێ، گەمارۆکانی سەر بەشی وزەی ڕێژیمی ئێران هەتا هەتایی دەکاتەوە.