کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ٣٠ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

12:37 - 26 خەرمانان 2722

کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی شارەکانی سەردەشت، شنۆ، پیرانشار، نەغەدە و مەهاباد، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان سییەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامە:

خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

٣٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی ڕەشی تێرۆری کۆماری ئاخوندی گەیشتە یەکێک لە وەفادارترین ڕۆڵەکانی حیزب و گەلەکەمان و لە "بێرلینـ"ـی پێتەختی ئاڵمان، لە کاتێکدا تازە لە کۆنگرەی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست گەڕابووەوە و لە کۆبوونەوە لەگەڵ هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێرانیدا بوو، هاوڕێ لەگەڵ چەند هاوڕێی ‌تری شەهید کرا. 

دوکتور سادقی شەرەفکەندی بە کردەوە سەلماندبووی کوڕی ڕۆژانی سەختی خەبات لە دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندییە و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە تەواوی خۆشییەکانی ژیانی لەپێناو ئازادی و بەختەوەریی نەتەوەکەیدا وەلانابوو و ببوو بە قوتابییەکی بەئەمەگی ڕێبازی شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملووی نەمر.

هەر بۆیە کەوتە بەر ڕق و قینی ئاخوندەکانەوە و لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، بە پیلانێکی ئاخوندانە گیانیان لێ‌ئەستاند و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ کاک سەعیدی خاکەڕا، شۆڕشگێڕ، مودیری بەتوانا و بیرمەندی گەورە، نوێ دەکەینەوە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی لە خەبات نەوەستین و بۆ چرکەیەکیش پشوو نەدەین.

سڵاو لە گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی سەرکردە

بڕووخێ ڕێژیمی دژەئازادیی ئاخوندی

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران