ناوەندی فۆر کورد، بەدژی کردەوە توندوتیژەکانی ڕێژیمی ئێران و مانگرتن لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پشتیوانی خۆی دەربڕی.
ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندی فۆر کورد، دوای ئەوەیکە "مەهسا ئەمینی" لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەشکەنجە درا و بەو هۆیەوە گیانی لە دەستدا، پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەربڕی و بەدژی کردەوەکانی تاران هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند کە، دۆخی کۆمەڵایەتی لە کوردستان هەڵگری کۆمەڵێک پرەنسیپە کە تێکەڵە لەگەڵ ئازادی و مافە مرۆییەکان بەگشتی و مافی ژنان بەتایبەتی، کاربەدەستان و مۆرەکانی ڕێژیم بێترس لە کۆمەڵگە هێرش دەکەنە سەر ژنانی کورد و لەو دواییانەدا "شلێر ڕەسووڵی" لە مەریوان و هەروەها "مەهسا ئەمینی"، كچە لاوی خەڵکی شاری سەقز لە تاران، دوای هەڕەشە و ئەشکەنجەی هێزە سەركوتکەرەكانی كۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.
فۆر کورد لە درێژەدا ڕایگەیاندووە، داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیم و بۆ پارێزگاری لە ڕۆڵەكانی گەلی كورد، وێڕای گەیشتنەوەی تەرمی خاتوو مەهسا بۆ سەقز، تێکۆشانێکی جەماوەریی بەرین بکەنە دەسمایەی ئەمەگناسی بۆ ڕۆحی ئەو خاتوونە و هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان بە داخستنی دووكان و بازاڕەكان و نەچوونە سەركارەكانتان مانگرتنێكی گشتی ڕابگەیێنن.