دایە خاتوون دایکی شەهید لەتیف جەهانئارا (لەتیف شۆکە) لە گوندی کانیبی ناوچەی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان، حاجیژن خاتوون شۆکە دایکی شەهید لەتیف جەهانئارا ناسراو بە (لەتیف شۆکە) لە گوندی "کانیبیـ"ـی ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بنەماڵەی دایە خاتوون بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویست بوون و لە جووڵانەوە پڕشکۆکەی ساڵانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی، ماڵ و مووچە و مەزرایان حەشارگە و جێگای حەسانەوەی ڕێبەرانی جووڵانەوە و کادر و پێشمەرگەکان بووە و هاوکار و پشتیوانی جووڵانەوەکە بوون و پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ساواک کە بۆ لەداوخستن و شەهیدکردنی "مەلا ئاوارەی نەمر" داندرابووە بەهۆی ئازایەتیی ئەو بنەماڵەیە پووچەڵ کرایەوە.
کوڕێکی ناوبراو بەناوی "لەتیف جەهان ئارا" ناسراو بە (لەتیف شۆکە) پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکار و چاونەترس بوو و لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت چالاکانە بەشدار بوو و ئازایەتی ناوبراو لە ناوچەکەدا وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچە و هاوسەنگەرانی بووە لە ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٦٤ی هەتاوی، لە سەر ڕێگای بانە بۆ سەردەشت لە نزیک گوندی دارساوێن لە شەڕێکی نابەرابەردا لەگەڵ دوژمن بەداخەوە شەهید دەبێ و درێژەدانی ڕێگای خەبات بەهاوسەنگەرانی دەسپێرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە خاتوون سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.