کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سیمینارێک لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

13:16 - 26 خەرمانان 2722

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٣٠ ساڵەی تێرۆری مێکونووسدا سمینارێکی لە شاری سلێمانی بە بەشداریی د. کەیوان ئازاد، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی و عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک‌هێنا.

لەم سمینارەدا کە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٥ی خەرمانان بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە دەڤەری سلێمانی بەڕێوە چوو، یاد و بیرەوەریی شەهیدانی مێکونووس، شەهید د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بەرز ڕاگیرا.

لە پانێلی یەکەمی سمینارەکەدا د. کەیوان ئازاد باسێکی پێشکێش کرد لەژێر ناوی "دۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە لە دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید و هۆکاری تیرۆری ئەو ڕێبەرانە لەو کاتەدا." بەڕێزیان بە ئاماژە بە دوو فاکتەری شوێن و کات وەک دروستکردنی مێژوو، هۆکارەکانی کارتێکەر لەسەر بڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ تێرۆری د. قاسملوو لە ڤییەن و پاشان تێرۆری د. شەرەفکەندی شی کردەوە.

مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی تیشکی خستەسەر ئەوە کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق، دوو دوژمنی قەستەسەر و دوو دراوسێی ناتەبا لەڕووی ناچارییش بووبێ پاڵیان وێکدابوو، عێراق ئەنفال و کیمابارانی لە کورد کردبوو و خەباتی پێشمەرگانەی کورد لەو بەشەی کوردستان بەتەواوی لێی درابوو. ئابووریی ئێران و عێڕاق تێکڕمابوو، و لەو دۆخەدا د. قاسملوو بە خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەیتوانی دۆخی کورد لە هاوکێشە سیاسییە ناوچەییەکاندا بە ئاقارێکی دیکەدا ببات. ئەوەش وایکرد کە کۆماری ئیسلامی و هاوبەرژەوەندەکانی کە لەمێژ بوو پیلانی کوشتنی ئەویان داڕشتبوو، پیلانی تێرۆرەکەیان جێبەجێ بکەن. وەک چۆن دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت و داگیرکردنی کۆوەیت لەلایەن عێراقەوە و ڕاپەڕینی کورد لە باشووری کوردستان کە دواتر دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە؛ کۆمەڵە فاکتەرێک دەستیان دایە دەستی یەکتر بۆوەی بە تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی پێش بە زۆر دەسکەوت و پێشڤەچوون لە دۆخی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بگرن. د. کەیوان لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەگەر د. شەرەفکەندی شەهید نەکرابا، نە دۆخی هەرێمی کوردستان بەو ئاقارەدا دەچوو، نە کۆماری ئیسلامی دەیتوانی زۆر پیلانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ بکات.

لە پانێلی دووهەمی سمینارەکەدا عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە "لێکەوتە سیاسییەکانی بڕیاری دادگای مێکونووس لەسەر سیاسەتی دەرەکی و نێوخۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران"ی کرد.

ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای پێشینەیەکی لە کارنامەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران خستە بەرباس و بە پشتبەستن بە ئامارە ڕەسمییە بڵاوکراوەکان باسی لەوە کرد کە کورد لە ئێران قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. هەموو ئامانجەکەش ئەوە بووە کورد لەبەردەم ئیرادەی حکوومەتی ناوەندی و سیاسەتەکانیدا چۆک دابدا و بۆ ئەوە تەنانەت قورسترین چەکی خۆیان، واتە مووشەکی بالستیکیان بەکارهێناوە؛ بەڵام خەباتی کورد و پرسی شوناسخوازیی کورد هەردەم ڕوو لە گەشە بووە.

بەڕێزیان لە درێژەی باسەکەیدا بە ئاماژە بە ڕەوتی دادگای مێکونووس و دواجار بڕیاری مێژوویی ئەو دادگایە، تیشکی خستەر سەر کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی گرینگ کە بەشێکیان بریتی بوون لەوەی کە بڕیاری دادگای مێکونووس ڕیسواییەکی گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەدیاری هێنا و ئەو ڕێژیمەی بە ڕێژیمێکی تێرۆریستی ناساند. هەروەها بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئورووپادا بوەستێ. هاوکات کۆتایی بە سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانەی ئورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هێنا و لە نێوخۆی وڵات کایەی دەسەڵاتی سیاسیی گۆڕی و بووە هۆی هاتنەسەرکاری ڕێفۆرمخوازەکان لە وڵاتدا کە ئەو ڕەوتە بووە پووششێک بۆوەی ڕێژیم بتوانێ قەیرانی دیپلۆماتیکی مێکونووس تێپەڕێنێ.