کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی "ژینا ئەمینی" لە گۆڕستانی "ئایچیـ"ـی شاری سەقز لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بە خاک ئەسپێردرا

19:11 - 26 خەرمانان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان تەرمی "ژینا ئەمینی" لە گۆڕستانی "ئایچیـ"ـی شاری سەقز لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ئەو شارە و کوردستان سەرەڕای زاڵبوونی کەشێکی ئەمنییەتی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژی ڕابردووەوە هێزێکی زۆری لیباس شەخسی و دژە شۆڕش لەنێو شاری "سەقز"دا بڵاو بوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان هێزی دژەگەلیی ڕێژیم لە بەردەم پادگانی "حەنزەلە"ی ئەو شارە خاڵی پشکنینی داناوە.

خەڵکی شاری سەقز و بەشداربووانی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاریی تەرمی "ژینا" لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی کە کەوتنە بەر هێرش و تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی تاران.

"ژینا ئەمینی" ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان بەهۆی لێدانی مەئموورانی گەشتی ئیرشادی ڕێژیم بە باتۆم لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیانی لەدەست دا.