کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنیی شاری سەقز کارەساتی کوژرانی "ژینا ئەمینیـ"ـیان مەحکووم کرد

19:17 - 26 خەرمانان 2722

کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنی لە شاری سەقز سەبارەت بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەو کارەساتەیان مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی گەشتی ئیرشاد لە شاری تاران هێرش دەکەنە سەر "ژینا ئەمینی" کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز و بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب دەسبەسەری دەکەن، بەهۆی گوشار و ئازارێک کە لە گرتووخانە دەخرێتە سەری، جەڵتە لێی دەدات و دواتر لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

 ئەوە یەکەمجار و یەکەم کەس نییە لە لاوانی ئێمە بە بیانووگەلی وەکوو کۆڵبەری، بیروڕای جیاواز، هەڵسووڕان و خەبات لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی و ... ڕاپێچی زیندان دەکرێن یان دەدرێنە بەر دەسڕێژ و دەکوژرێن. لە درێژەی ئەو دەسدرێژییانەدا بە بیانووی حیجاب و جلوبەرگ سەر و گیانی نەونەمامێکی وەکوو "ژینا"ی دڵ پڕ لە هیوا و ئاواتیان کردە ئامانج و لە سەرەتای گەشە و چرۆدانیدا چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوە هەروەها تووڕەیی خۆیان خستووەتە پاڵ بنەماڵە و خەڵکی داخداری شاری سەقز و داوای بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەو کارەساتەیان کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: کە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بچێتە پێش، بنەماڵەکان لە ناردنی کچەکانیان بۆ زانکۆ، کارکردن، چارەسەری نەخۆشی و کاری دیکە بەردەوام دەبێ نیگەران و چاوەڕوانی ڕوودانی ڕووداوی ناخۆش بۆ ڕۆڵەکانیان بن.

ڕێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز بە توندی ئەو کردەوە دژە ئینسانییەیان مەحکووم کردووە و هاوخەمیی خۆیان بۆ خزم و کەسوکاری "ژینا"ی گیانبەختکردوو و خەڵکی شاری سەقز دەربڕیوە.

ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوەی کە بەو بۆنەوە ڕاگەیەندراویان بڵاو کردووەتەوە بریتی بوون لە:

ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەولەوی کوردی سەقز

ئەنجومەنی فەرهەنگیی هیوای زانستی سەقز

ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیی چرۆی ژیان

ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز

ئەنجومەنی ئاسۆی ژیاری ساحێب

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سەقز و زیویە

ڕێکخراوەی کولتووری کۆمەڵایەتیی نۆژین لقی سەقز