کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سادق" بە تەواو مانای وشە

20:19 - 26 خەرمانان 2722

حەمەڕەسووڵ کەریمی

(بۆ یادی سی ساڵەی شەهید دوکتور شەرەفکەندی)

شەهید دوکتور سەعید شەرەفکەندی یەکێک لە دیارترین ڕێبەرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کورد بوو کە توانی زانست و لێزانی و پسپۆریی زانکۆ و مامۆستایەتی تێکەڵ بە شۆڕش و بزووتنەوەی گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بکات.

شەهید دوکتور شەرەفکەندی لەو دەگمەن ڕێبەر و شۆڕشگێرانە بوو کە وتار و قسە و لێدوانەکانی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بەکردەوە بوو، واتە هەر پلان و بەرنامەیەک لە قسەکانیدا ڕوو بە دونیای دەرەوە، ئێران، کوردستان و نێوخۆی حیزبی کردبا، بۆ خۆی پێشەنگی ڕاپەڕاندنی ئەو وتە و قسانە دەبوو کە باسی لێوە کردبوون.

لە باری نەتەوەییەوە لێدوانەکانی پڕ بوون لە ئەزموونی شۆڕشەکانی پێشوو و بە پشتبەستن بە ڕابردوو و لەژێر ڕووناکایی و هێژموونیی شۆڕشەکانی پێشوو و بە دەرس‌وەرگرتن لە شۆڕشەکانی گەلانی دیکەی جیهان، وەک مامۆستاییەکی بەئەزموون وانەکانی خۆی لە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی و دەورەی کادرەکاندا بە لێزانی و پسپۆرییەوە دەگوتەوە.

شەهیدی سەرکردە، پلە و پایەکانی زانکۆی بەجێ هێشتبوو بۆ ئەوەی وەک پێشمەرگەیەک لە چیاکانی کوردستان خزمەت بکات و، کاتێک وەک ئەندامی ڕێبەری و جێگری سکرتێر و دواتر وەک سکرتێر سوکانی شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی گرتە دەست، پلە و پایەکانی خۆی بۆ خزمەتی زیاتری حیزبەکەی و نەتەوەکەی تەرخان کرد و هیچ کات لە پلەکانی خۆی بە قازانجی شەخسی کەڵکی وەر نەگرت. ئەو وەک کادر و پێشمەرگە لەنێو بنکە و بارەگاکانی حیزبدا دەژیا و، خاکی و خاکەڕایی، زیت و وریا و چاوکراوە لەگەڵ هەموو لایەک هەستان و دانیشتنی هەبوو. لە کاتی پشوودا سەردانی بنکە و بارەگاکان، نەخۆش و بریندارەکان، بنەماڵە و شوێنە گشتییەکان، قوتابخانە و فێرگە و تەنانەت چێشتخانەکانیشی دەکرد. نان و خوانی لە ساڵۆنی گشتی لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکان بوو، لەگەل پیر و بەساڵاچووەکان، منداڵ و گەنجەکان، دیپلۆمات و کەسایەتییەکان، بەگشتی لەگەڵ کوڕ و کچەکان و خوێندەوار و نەخوێندەوار، زمانی تایبەت بە خۆی هەبوو.

دوکتور سادق لە وتارنووسین و وەرگێراندا دەستێکی باڵای هەبوو، کاتەکانی خۆی بە بێکاری تێپەڕ نەدەکرد و لە نەبووندا بوونی ساز دەکرد. ڕێزی زۆری لە پێشمەرگە دەگرت، لە بەرامبەر کەمکاری و کەمتەرخەمیدا، بێ‌هەڵوێست نەدەبوو، لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ کارەکان یەکێک لە ئەرکەکانی بوو. کاتناس و بەدیققەت بوو، لەگەڵ نان‌بەقەرزدان نەبوو، خاوەن هەڵویست و سێحەب بڕیار و قسەی خۆی بوو. ترس و خۆف و بێهیوایی لەلای ئەو هیچ مانایەکی نەبوو. مرۆڤێک بوو بۆ هەموو سەردەم و وەرزەکان پلانی تایبەت بە خۆی هەبوو. ئەو لەگەڵ هاوکار و هاوژوورەکانی وەک یەک دەژیا، ژینگەپارێزی و پاک و خاوێنیی وەک یەکێک لە ئەخلاقی مرۆڤایەتی سەیر دەکرد و بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا خۆی بەڕۆژ دەکردەوە.

شەهید شەرەفکەندی بە چەندین زمان گوێی لە دەنگوباسی ناوچە و جیهان لە ڕادیۆکان دەگرت و هەر دەرفەتێکی بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد و بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان دەقۆستەوە. لە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیدا هەوڵی دەدا کە ڕاستگۆیانە و بەبێ ئەوەی ترسی لە قسەکردن هەبێ پرسەکانی تایبەت بە کورد باس بکا و لێدوانی دەدا. لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی بێ‌پێچ و پەنا، گوێی لە دەرد و خەمی هەموو کۆمیتە شارستانەکان و مەلبەند و هێزەکان و بنکەکان دەگرت و لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بەڕوونی دەدوا و، بە گشتی هەموو ئەو کار و هەڵوێستانە بوونە هێما و ناسنامەی شۆڕشگێریی شەهید دوکتور سەعید.

شەهید دوکتور شەرەفکەندی سیما و هێمای نەتەوەیی بوو، لە کاتی ژیانی سیاسی و شۆڕشگێرییدا دەورێکی بەرچاوی لە خەبات و شۆڕشی کورددا گێڕا، سادە و خۆماڵیانە دەدوا و وشە باوەکانی ئینگلیزی کە پڕ بوون لە " ئیزم، سیسم و نیزم" بە کورد‌ییەکی پەتی بۆ باس دەکردی و وێرای ڕوونکردنەوە لەسەر وشەکان، پێداگری دەکرد کە وشە خاریجییەکان فێر ببین و هەر بە کوردی لە سەر وشەکان بدوێین. کوردی گوتن و نووسینی کوردی لە زمانەکانی دونیای دانەبڕیبوو، بەڵکوو زیاتر لە هەر پێویستییەکی دیکە هەوڵی زیاتری بۆ فێربوون بە زمانەکانی دیکە دەدا.

دیدار و چاوپێکەوتن و سەردانەکانی دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی زانا و هەستانەوەی حیزب لەو قەیران و تەنگەژەیەدا نیشان دەدا کە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا چۆن توانی جێگە و پێگەی خۆی و حیزبەکەی بگەیەنێتە چڵەپۆپە.

بەداخەوە دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا ئەو مرۆڤە شۆڕشگێر و دیارەی گەلەکەمانی لەگەڵ هاوڕێیان کاک فەتاح عەبدوڵی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کاک هومایون ئەردەڵان بەرپرسی حیزب لە ئاڵمان و کاک نووری دێهکوردی دۆستی نێزیکی کاک دوکتور و حیزبی دێموکرات لە ڕێستورانی میکۆنووس لە شاری بێرلینی ئاڵمان لێستاندین و بە شەهیدبوونیان کەلێنێکی گەورە کەوتە نێو حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان.

یاد و ناوی شەهیدانی میکۆنووس لە دڵاندا هەردەم زیندوو بێ و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوار بێ.