کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندیی سەرکردەکان -د. سادق بۆ نموونە- لە ڕوانگەی "برایان ترێسی"یەوە

20:24 - 26 خەرمانان 2722

شاهــۆ مەتین

٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ، ٣٠ ساڵ بە سەر تێرۆری ڕێبەری هەرماو دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لە بەرلێنی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان بە دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئاخوندیزمی ئێران تێپەر دەبێت. دوکتۆر سادق وەک سەرکردەیەکی مەزن خاوەنی گەڵێک تایبەتمەندیی وەک بوێری، خاوەن‌ئیرادە، لێبڕاو، پڕاگماتیست و ڕئالیست بوو کە توانیبوویان پرستیژ و ئۆتۆریتەی لە ڕێزی ڕێبەرانی کورد و ئێرانی بۆ دروست بکەن و بۆخۆیشی وەک کەسایەتییەک ببێتە چرایەک لە شەوەزەنگی ئیستیبدادی کۆماری ئیسلامیدا.

"برایان ترێسی" لە کتێبی "١٢ بنەمای سەرکردەی مەزن"دا پێنج تایبەتمەندی بۆ سەرکردەی مەزن و خاوەن کەسایەتی دەستنیشان دەکات:

ڕاستگۆیی

سەرکردە ڕاستەقینەکان هەمیشە قسە و ڕەفتارێکی ڕاستگۆیانەیان هەیە، ڕواڵەت و نێوەوەیان وەک یەکە. سەرکردە مەزنەکان هەم لەگەڵ کەسانی تر و هەم لەگەڵ خۆیان ڕاستگۆن، هەرگیز کەسانی تر و خۆیان هەڵناخەڵەتێنن و هیچ قسە و ڕەفتارێکی چەوتیشیان نییە.

دوای شەهیدبوونی ڕێبەری هەرماو دوکتۆر قاسملوو کە کومیتەی ناوەندیی حیزب ئەرکی سکرتێری گشتیی حیزبی پێ دەسپێرێ، لە یەکەم وتاریدا بەو پەڕی ڕاستگۆیی بەڵێنی بە دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدان دەدات کە دڕێژەدەری ڕێگای نەمریان بیت و دەڵێت: "لەم ڕێگایەدا کە ڕێگای سووری شەهیدانە یا سەردەکەوین یا بە شانازییەوە وەک شەهیدە ئازیزەکانمان سەر دادەنێین". ئەو بەحەق وفادار بە بەڵێنەکەی مایەوە و بۆ سەرخستنی ئەندێشەکانی دوکتۆر قاسملوو و مانیفێستی حیزبی دێموکرات ڕاستگۆیانە تێکۆشانی کرد و لەم ڕێگایەشدا گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی و سەربەستیی کورد و کوردستان کرد.

هەڵبژاردنی دروست

دەتوانین مرۆڤ بە "بوونەوەری هەڵبژاردنەکان" ناو ببەین، چونکە هەر کام لە ئێمە ڕۆژانە سەدان هەڵبژاردن دەکەین. کاتێک وشەیەک یان ڕەفتارێک هەڵدەبژێرین، مانای وایە دەیان وشە یان ڕەفتارێکی تر فڕێ دەدەین. بەهۆی ئەمەوە هەڵبژاردنەکانمان نیشان دەدەن کە چی بۆ ئێمە گرینگە و چی گرینگ نییە. سەرکردە گەورەکان هەمیشە هەڵبژاردنی دروستیان هەیە، بە تایبەت لە دۆخە سەختەکاندا، تەنانەت ئەگەر تێچووی زۆریشی بۆ بدەن.

قسەیەکی دوکتور سادق وەک فاکتێکی بەهێز بۆ ئەم تایبەتمەندییە لەو کەسایەتییەدا دێنینەوە: "دەبا ڕۆڵە نەبەزەکانی کوردستان ریزەکانی حیزبی دێموکرات بە هاتنی خۆیان جوانتر لە پێشوو بڕازێننەوە و بە هەڵگرتنی چەکی شەرەف و سەربەرزی هێزی پێشمەرگە زۆر لە ئێستا بەهێزتر و لەشکان‌نەهاتووتر بکەن". ئەم داوایەی نەمر شەرەفکەندی لەو کات و ساتە هەستیارەدا دەرخەی خوێندنەوەی واقعبینانەی بەڕێزیانە بۆ خەبات و بە حیکمەتی خۆی بە بژاردەیەکی دروست و گونجاوی بۆ تێکۆشان دەزانێت. هەربۆیە ئەم داوایە لە لاوانی نیشتمانپەروەر دەکات و لەو قۆناغەدا لەنێوان چەندین هەڵبژاردە بۆ خەبات، ئەوە بە هەڵبژاردەیەکی دروست دەزانیت.

پابەندبوون بە بەهاکان

سەرکردە گەورەکان لە هەموو کاتێکدا پابەندن بە بەهاکانی ڕێکخراوەکەیان و لە هیچ بارودۆخێکدا سازش لەسەر ئەم بەهایانە ناکەن. لەم بوارەشدا دوکتۆر سادق پابەندییەکی بێوێنەی بە پرنسیب و دیسیپلینەکانی حیزب هەبوو. ئەو هیچ کات سازشی لەسەر پێشێلکردنی نۆرم و بەهاکانی شوناسی ڕێکخراوەیی نەدەکرد و بە بوێرییەوە بەرانبەر کردەوە ناتەباکان لەگەڵ ئەخڵاق و کولتووری شۆڕشگێر و شوڕشگێڕی دەوەستاوە و بنچینە هزری، ماکی و ئاوەزییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی دەپاراست.

زاڵبوون بەسەر خۆدا

سەرکردە گەورەکان خۆکۆنتڕۆڵییەکی بەرزیان هەیە، بەو مانایەی ڕەفتارەکانیان عەقڵانی و دوور لە هەست و سۆزە و لە بڕیارداندا دەستوەردان لە پرس و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان ناکەن. شەهید شەرەفکەندی دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو بەخێرایی و بە ئیلهام‌وەرگرتن لە ڕێنوێنی و جێبەجێکردنی ئەندێشەکانی نەمر قاسملوو، وەک ڕێبەرێکی لێزان و زانا جڵەوی خەباتی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەکەی لە دۆخێکی زۆر دژواردا گرتە دەست و بە بڕیاری ژیرانەی بۆ هەموو بەشەکانی جێبەجێکاری حیزب توانیی بە سەر ئاریشەکانی تاکی و ڕێکخراوەییدا زاڵ ببێت و کۆنترۆڵی دۆخی قەیراناویی ساتەوەختی بێ‌قاسملوویی لە حیزبی دێموکراتدا بکات.

خۆڕاگری

ئەلبێرت گرای، یەکێک لە بەناوبانگترین ڕاوێژکارەکانی بەڕێوەبردن لە ئەمریکا، دوای ١٣ ساڵ لێکۆڵینەوە لە ژیانی سەرکردە گەورەکان، لەم ڕستەیەدا لێکۆڵینەوەکانی خۆی کورت کردۆتەوە: "سەرکردە گەورەکان بەپێچەوانەی سەرکردە ئاساییەکان، خۆڕاگرییەکی بەرزیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن و قەت ناوەستن و هەرگیز دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن." دێنیس ویتلی، یەکێکی دیکە لە ڕاوێژکارەکانی بەڕێوەبردن لە ئەمریکا، تایبەتمەندیی خۆڕاگری لە سەرکردە گەورەکاندا بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "سەرکردە گەورەکان زۆر کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بەڵام سەرکردە ئاساییەکان زۆر کار دەکەن بۆ ڕزگاربوون لە فشار و ڕەخنەی کەسانی دی".

وەک میناک بۆ ئەم تایبەتمەندییە لە دوکتور سادقدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە دوای شەهیدبوونی دوکتور قاسملوی مەزن و لە کاتێکدا یار و نەیار چاویان لە حیزبی دێموکرات بڕیبوو، د. شەرەفکەندی بە ڕۆڵی کارساز و ئیرادە و لێزانینیی خۆی  لە خەباتدا بۆشایی نەمانی دوکتور قاسملووی تا ڕادەیەکی باش پڕ کردەوە و نەهیهێشت بێ‌قاسملوویی بە حیزبی دێموکرات و گەڵی کوردەوە دیار بێت. ئەو خەبات دژی ڕێژیمی تێرۆریستی ئاخوندیی ئێرانی بەگوڕتر و بەرینتر لە هەموو ڕەهەندەکاندا پەرە پێدا و بە دووڕنوارییەکانی نەیهێشت پێشەنگایەتیی خەبات دژی ڕژێم بکەوێتە دەستی هیچ ڕەوتێکی‌تر.

بۆیە لەسەر ئەم بنەمایانەی کە برایان ترێسی بۆ کەسایەتیی سەرکردەی مەزن ئاماژەی پێداون و بەو فاکتە واقعییانەی بۆ ئەم بنەمایانە لەسەر کەسایەتیی دوکتور شەرەفکەندی ئاماژەی پێ کرا، بەحەق دەتوانین بڵێین دوکتۆر سادق سەرکردەیەکی مەزنی کورد بوو کە ئێستا ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئیلهامدەری شۆڕشێکی مەزن لە کوردستانن.