کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بێ‌دەنگ نابێت...

13:23 - 27 خەرمانان 2722

سمایل شەرەفی

 

هەڵوێستی خەڵکی وشیاری شاری سەقز بەرانبەر بە جەنایەتێکی دیکەی ڕێژیمی دژ بە ژنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها پشتیوانیی خەڵکی لەسەرهەستی شاری سنە لە ڕەفتاری بەرهەڵستکارانەی خەڵکی شاری سەقز بۆ جارێکی دیکە دەریخستەوە و سەلماندی کە کۆمەڵگەی کوردستان بەرانبەر بە ڕووداوەکان خەمسارد و کەمتەرخەم نییە. وەک چاوەڕوان دەکرێ ئەم چاوکراوەیی و بە‌هەڵوێستبوونەی خەڵکی کوردستان – بە پێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکان و پشتیوانیی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییەکان – قەرارە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان و لە مانگرتنێکی گشتی و جەماوەریدا زیاتر و بەربڵاوتر خۆی بنوێنێ.

لەم بانگەوازەدا "داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان کراوە کە بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتی دژ بە سیاسەتە نامرۆییەكانی ڕێژیم و بۆ پارێزگاری لە كەرامەتی كچان و ژنان‌ و ڕۆڵەكانی گەلی كورد، رۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان بە داخستنی دووكان و بازاڕەكان و نەچوونە سەر كارەكانیان، مانگرتنێكی گشتی و شكۆدار بەڕێوەبەرن."

ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە شاری سەقز بەبۆنەی کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە شاری مەریوان بەبۆنەی کردەوەی نامرۆڤانەی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم دژ بە کەرامەتی شلێر ڕەسووڵی بینیمان، خاوەنداریکردنێکی ئاگاهانەی کۆمەڵگەی کوردستانە لە کەسایەتی و کەرامەتی ئینسانی کورد کە دەسەڵاتی ناوەندگەرای کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە چوار دەیەیە هەوڵی سووککردن و شکانی دەدات. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە ویستی بە دواکەوتووهێشتنەوەی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە و هەژارکردنی خەڵک، کۆمەڵگەیەکی داکەوتوو و دەستەوەستان و چاولەدەست لەم میللەتە بنیات بنێ بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانێ تەسلیم و دەستەمۆی بکات. ئەوان وێڕای بەئەمنیەتیکردنی قوتابخانەکان و دامەزرانی ستادەکانی بەسیج لە گەڕەکەکانی شار و دێهاتەکانی کوردستان، پلانیان ئەوە بوو کە کوڕان و کچانی کورد لە نەخوێندەواریدا بهێڵنەوە و بە هەڵخەڵەتاندنیان، لە هەست و سۆزی نیشتمان پەروەرانەیان بەتاڵ بکەنەوە. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە ڕاوەدوونان و تەقەکردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی شارە سنوورییەکان و کوشتن و بریندارکردنی بەردەوام و بەتاڵانبردنی بارەکانیان، تەواوی هەوڵیان ئەوەیە کە تەسلیم بە جیرەخۆری و خۆشخزمەتی بە ڕێژیمیان بکەن. ئەوان بە تێرۆری تێکۆشەرانی سیاسی و بوردومانکردنی شوێنی مانەوە و چالاکیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و مووشەکبارانکردنی بنکە و ناوەندە سەرەکییەکانی حیزبەکانی کوردستان، بە خەیاڵی خاوی خۆیان پێوەبوون بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان، لە سەر و ڕیشەی بزووتنەوەکە بدەن. بەڵام هەڵوێست و ڕەفتاری پڕ لە هەست و وشیاریی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەم زیاتر لە چوار دەیەیەدا، دەریخست کە ئەم میللەتە زۆر لەوە بە ئیرادەترە کە دوژمنانی بیری لێ دەکەنەوە.

کوژران و گیانلەدەستدانی دوو ژنی کورد لە ماوەی دوو حەوتوودا بە دەست و هۆکاری بەکرێگیراوان و سەرکوتکەرانی ئەم ڕێژیمە لە شارەکانی مەریوان و سەقز، بۆ جارێکی دیکە هەست و شعووری خەڵکی کوردستانی بریندار کردووە. ژنی کورد کە لە نێو نەتەوەکانی جیهان و دەورووبەردا بە خاوەن کەسایەتیی بەرزی ئەخلاقی و ئازایەتی دژ بە هەر دیاردەیەکی شووم و قیزەون ناسراوە، ئێستا بە هۆکاری ڕوانینە دژە ئینسانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەن کەسانی بەکرێگیراو و هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەم ڕێژیمەوە، پرسیار و گومانی دەخرێتە سەر کە لە ئاکامدا یان وەک ژینا دەیکوژن یان وەک شلێر ناچار بە خۆکوشتنی دەکەن.

کۆمەڵگەی کوردستان وەک تا ئێستا سەلماندوویەتی بەرانبەر بەم سووکایەتییانە بێ‌دەنگ نابێت. هەر وەک چۆن بە دانی دروشمی "سەقز بە تەنیا نیە، سنە پشتیوانییە"، خەڵکی خاوەن هەڵوێستی شاری سنە خاوەندارێتی لە پرسی ژینا ئەمینی کرد، بە دڵنیاییەوە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان و لە مانگرتنێکی گشتی و سەرانسەری‌دا سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سەرلەنوێ و بۆ جارێکی دیکە وێڕای ڕیسواکردنی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و جەنایەتەکانی لە کوردستان، دێنە دەنگ و پارێزگاری لە کەسایەتی و کەرامەتی خۆیان دەکەن.

لەم پێوەندییەدا هەروەک تا ئێستا ڕایانگەیاندووە و پشتیوانییان لە بانگەوازی مانگرتنەکە کردووە، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵات، کەسایەتییە ئایینی و نیشتمانپەروەرەکان، مامۆستایان و کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکانیش ڕۆڵی هاندەرانە و پێشەنگایەتی خۆیان دەگێڕن و بە وەڕێخستنی مانگرتنێکی گشتی و جەماوەری (داخستنی دووکان و بازاڕەکان و مانەوە لە ماڵ و خۆبواردن لە چوونە دەرەوە) پەلامار و هاشاوڵی نیزامی سەرکوتکەر و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەرامەتی کورد و کوردستان، بێ‌وڵام ناهێڵنەوە.