کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێلیتاریزەکردنی شاری سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

13:33 - 27 خەرمانان 2722

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە شارەکانی دیکەوە هێزی تایبەتی هێناوەتە شاری سەقز و بەتەواوەتی ئەو شارەی مێلیتاریزە کردووە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، هیزە تێرۆریستەکانی خامنەیی بەدژی سەرهەڵدانی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سەقز، لە شارەکانی دیکەوە هێزی سەرکوتکەری تایبەتیان ڕژاندووەتە نێوشار و بە تەواوی ئەو شارەیان مێلیتاریزە کردووە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە خەڵکی بەئەمەگی کوردستان بەگشتی و شاری سەقز بەتایبەتی زوڵم و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم قەبووڵ ناکەن، بۆیە بە دژی ئەوەیکە لە تاران هێزە تێرۆریستەکانی گەشتی ئیرشاد "ژینا ئەمینیـ"ـیان کوشت ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە دژی کردەوەکانی خامنەیی درووشم دەدەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی دیکەی وەکوو؛ سنە، کرماشان، هەمەدان و میاندواو و چەند شارێکی دیکە زیاتر لە ٥ هەزار هێزی تایبەتی دەمامکداری بەمەبەستی سەرکوتکردنی خەڵکی شۆڕشگێڕهێناوەتە ئەو شارە، سەرەڕای ئەو هێزە زۆرەی ڕێژیم کوڕان و کچانی بەئەمەگی سەقز بەردەوامن لە وتنەوەی دروشم بەدژی دەسەڵاتدارانی تاران و دیکتاتۆرانی ئەو ڕێژیمە و پەیامێکی ڕوونیان بە کۆماری ئیسلامی داوە کە هیچ پێگەیەکی لە خاکی کوردستاندا نییە و لە هەمانکاتیشدا شارەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی شاری سەقز دەربڕیوە.