کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی یەکگرتووی کورد" پشتیوانیی لە مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان کرد"

13:40 - 27 خەرمانان 2722

"بەرەی یەکگرتووی کورد" سەبارەت بە مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و پشتیوانیی لەو مانگرتنە سەرتاسەرییە کرد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

لە کەس شاراوە نییە کە توندوتیژی و جیاوازیدانان گیانی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا و لەوانە کەمینەکان و بەتایبەت ژنانی گرتووەتەوە و ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان و ئێراندا ساڵانێکی دوور و درێژە کە لەگەڵ دەیان کێشە و مەترسی و دەستدرێژی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ساڵەهای ساڵە کە خواستی خەڵک و هۆشداری و داوای ناوەند، حیزب و گرووپەکان گوێی پێ نادرێت و وتە و پێشنیاری باش هیچ گرینگییەکی نییە.

بەرەی یەکگرتووی کورد هەمیشە باوەڕی وا بووە کە لە ڕێگای مرۆڤانە، ئاشتییانە و بە کەمترین تێچوو دەتواندرێ باشترین ڕێگاکان بۆ گەیشتن بە خواست و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ڕاستای چەسپاندنی یەکسانی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا تاقی بکرێتەوە.

بەرەی یەکگرتووی کورد "مانگرتن" بە یەکێک لە ڕێگا یاسایی و ئینسانییەکان دەزانێت و سەبارەت بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" هاوشان و هاودڵ، پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان دەکات و داوا لە هەموو ئینسانە ئازادیخوازەکان لە سەرتاسەری ئێران دەکات کە پشتیوانی لەم هەڵمەتە مرۆڤی و دادخوازانەیە بکەن.

بەرەی یەکگرتووی کورد