کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی شارەکانی سنە و سەقز لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی تاران

13:50 - 27 خەرمانان 2722

خەڵکی شارەکانی سنە و سەقز، ڕق و تووڕەیی خۆیان  بەنیسبەت مەرگی ژینا ئەمینی کە بە دەستی گەشتی ئیرشاد لە تاران کوژرا دەربڕی و بەو هۆیەوە دۆخی شاری سەقز لە حاڵەتی نائاساییدایە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ هەتاوی، پاش  ئەسپەردەکردنی تەرمی ژینا ئەمینی بە خاکی پیرۆزی کوردستان،  خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سەقز بە دژی ئەوەیکە هێزەکانی گەشتی ئیرشاد گیانیان لە ژینای لاو ئەستاند لە بەر فەرمانداریی ڕێژیم لە سەقز ڕووبەرووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە و دروشمیان بەدژی ڕێژیم دا و وێنە و پووستێری خامنەییان لە مەیدانی هەڵۆی شاری سەقز سووتاند و سەر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژە  زیاتر لە سەتا ٩٥ی دووکان و بازاڕی شاری سەقز داخران و ئینتێرنێت لە لایەن ڕێژیمەوە پچڕا و هەتا ئێستاش ئەو حاڵەتە بەردەوامە و ئینتێرنێتی ماڵانیش زۆر خاوە و کاری پێ ناکرێ.

خەڵکی شاری سەقز لەهەمبەر کردەوەکانی ڕێژیمی تاراندا ڕاوەستاون و خۆیان بە خاوەنی ڕۆڵەکانی خۆیان دەزانن و خۆیان لێ بێبەری ناکەن بۆیە دوابەدوای کوشتی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە تێرۆریستەکانی خامنەییەوە خەڵکی شاری سەقز ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیم بوونەوە و بەدژی دەسەڵاتدارنی داگیرکەر دروشمیان دا و تا ئێستاش ئەو دۆخە بەردەوامە و خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو جەنایەتە بێدەنگ نابێ.