کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: وتووێژەکانی ڤییەن گەیشتوونەتە بنبەست

13:53 - 27 خەرمانان 2722

جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا دەڵێت: "وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن گەیشتووەتە بنبەست و ئامریکا بۆ هەموو ڕێکارێک دژ بە ڕێژیمی ئێران خۆ ئامادە دەکا".

"وێندی شێرمەن"، جێگری وەزیری دەرەوەی  ئامریکا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی" واشنتۆن پۆست" لەسەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: "ئاخرین پێشنیارەکانی ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێ و وتووێژەکان گەیشتوونەتە بنبەست".

ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەدا سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی جەو بایدن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و بووژانەوەی ئەو ڕێککەوتنە وتی: "لە ئێستادا ئامریکا خۆ ئامادە دەکا بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەگەرێک بەدژی ڕێژیمی ئێران و بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی".