کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەبیانووی پاراستنی سنووری مێژوویی لەگەڵ ئەرمەنستان هێزی سەربازی ڕەوانەی ئازەربایجان دەکات

14:00 - 27 خەرمانان 2722

بە دەسپێکردنەوەی دووبارەی شەڕ لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ڕێژیمی ئێران بە بیانووی پاراستنی سنوورە مێژووییەکانی لەگەڵ ئەرمەنستان هێزی سەربازی ڕەوانەی ئازەربایجان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی"تەسنیم" کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە، باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە ئەرمەنستان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان و پاش دەسپێکردنەوەی دووبارەی شەڕ لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە، ئێران ئیزن بە پێشێلکردنی سەروەریی سنوورە هاوبەشە مێژووییەکانی لەگەڵ ئەرمەنستان نادا، ڕووبەڕووی هەموو هێزێک دەبێتەوە کە بیهەوێ سەروەریی سنوورە هاوبەشەکانی ئێران وئەرمەنستان بشکێنێ.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام خەریکی پێشێلکاری و دەستێوەردانە لە کاروبارە نێوخۆییەکانی وڵاتانی دراوسێ و بە سەدان جار بۆ خۆی سەروەریی خاكی عێراقی شکاندووە و هێرشی کردووەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری ڕێژیمەکەی کەچی ئێستا دەیهەوێت بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان بۆ خۆی هێرش بکاتە سەر ئازەربایجان و هێزێکی زۆری سەربازی دەگوازێتەوە بۆ سنوورەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان.