کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مزگەوتی "چوار یاری نەبی" لە سەقز ڕێگا لە قسەکردنی "بێهزاد ڕەحیمی" گیرا

19:52 - 27 خەرمانان 2722

خەڵکی شاری سەقز ڕێگایان لەوە گرت کە "بێهزاد ڕەحیمی" بەناو نوێنەری خەڵکی شارەکانی بانە و سەقز لە مزگەوتی "چوار یاری نەبی"ی شاری سەقز  قسە بۆ خەڵک بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی، "بێهزاد ڕەحیمی" بەناو نوێنەری خەڵکی شارەکانی بانە و سەقز  لەو دوو شارە بەمەبەستی قسەکردن بۆ خەڵک هاتبووە مزگەوتی "چوار یاری نەبی" که لەگەڵ شەپۆلی تووڕەیی خەڵکی ناڕازی و بەتایبەت بنەماڵەی گیانبەختکردوو "ژینا ئەمینی" بەرەوڕوو بووەوە. 

خەڵک و بنەماڵەی "ژینا" بەگژ ئەو بەناو نوێنەرەدا چوون و نەیانهێشت تەنانەت یەک وشەش قسە بکات.

بنەماڵەی "ژینا" ویستیان کە "بێهزاد ڕەحیمی" لە مزگەوت بکەنە دەرەوە کە لەسەر داوای مامۆستایانی ئایینی و  لەبەر پاراستنی حورمەتی مزگەوت ڕێگایان دا کە لە گۆشەیەکی مزگەوتە دابنیشێت و هیچ نەڵێت.

هەروەها "ئازاد سەمەد" دادستانی سەقز، حاجی "ئەکبەر شەهیدی" ڕەئیسی ئیتلاعاتی ١١٤ی سەقز، و "کەیوان جەهانی" جێنشینی دادستان لە مزگەوت دەرکراون.

ڕێژیم لەو کات و ساتانەدا بۆ پاکانەکردنی کارە نەشیاوەکانی دەزگا و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی خۆی، کاربەدەستانی خۆی دەنێرێت کە هاوخەمیی خۆیان بۆ خەڵک نیشان بدەن؛ بەڵام خەڵک کە ساڵەهایە لەگەڵ ئەم ڕێژیمە سەروکاریان هەیە لە فێڵ و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی ئەو ڕێژیمە تێگەیشتوون و هەر سیاسەتێکی ئەو ڕێژیمە پووچەڵ دەکەنەوە.