بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "مەهسا ئەمینی"(ژینا) بەدەستی مەئموورانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانییانی هێژا
ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆمەڵگەی جیهانی و نێودەوڵەتی
لە درێژەی جینایەت و تاوانە دڕندانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران دژی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا، هاووڵاتییەکی تری کوردستانی بە ناوی "مەهسا ئەمینی" ناسراو بە "ژینا"، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، کرایە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی ئەو ڕێژیمە.
خاتوو "ژینا"، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی ئیسلامیی ئەو ڕێژیمە لە شاری تاران، سووکایەتیی پێی کرا و لێی درا، دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە بنکەکانی ئەو هێزەی ڕێژیم لەو شارە گوازرایەوە.
بە هۆکاری لێدان و گوشاری نامرۆڤانەکانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاتوو "ژینا"، باری تەندروستیی ناوبراو تێک چووە و بۆ نەخۆشخانەی "کەسرا"ی شاری تاران گوازراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم وازیان لێی نەهێناوە و خۆی و بنەماڵەکەی بە چڕوپڕی لەژێر چاوەدێریدا بوون.
پاش سێ ڕۆژ لەو نەخۆشخانەیە کە لە دۆخی تەندروستیی زۆر خراپدا بووە، بەداخەوە ڕۆژی هەینی، ٢۵ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، بەرانبەر بە ١۶ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی، گیانی لەدەست دا و ئەو هاووڵاتییەش بوو بە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران.
خاتوو "ژینا" یەکەم قوربانیی دەستی جینایەت و تاوانکاریی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران نییە و بێگومان دواهەمین کەسیش نابێت، چەند ڕۆژ پێش ئێستەش هاووڵاتییەکی تری شاری مەریوان، بە ناوی خاتوو "شلێر ڕەسووڵی"، کە لەلایەن بەکرێگیراوێکی ڕێژیمەوە پەلاماری دەستدرێژیی سێکسی بۆی درابوو، بۆ ئەوەی کە لەو کردەوە قیزەونە ڕزگاری بێت، لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی بە ناچاری خۆی خستە خوارەوە و کۆتاییی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خاتوو "ژینا" و خاتوو "شلێر"، خۆی بە هاوبەشی خەم و ئازاری بنەماڵەکانیان دەزانێت و نیگەرانیی خۆی لە زیاتر تەشەنەسەندنی تاوانە دڕندانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و پەرەگرتنی پیلانە مەترسیدارەکانی ئەو ڕێژیمە لەسەر خەڵکی کوردستان دەردەبڕێت.
داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرجەم کۆمەڵگەی جیهانی و نێودەوڵەتی دەکەین کە لە بەرانبەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئێراندا هەڵوێستی جیددییان هەبێت و لەوە زیاتر چاوپۆشی نەکەن و بێدەنگ نەبن.
هەروەها پاڵپشتیی خۆمان لە بانگەوازی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، دەردەبڕین.
ڕێکخراوە پێکهێنەرەکانی بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان:
ـ ناوەندی چوارباخ
ـ ناوەندی نووسەرانی کوردستان
ــ ڕێکخراوی جیهانی کورد
ــ ڕێکخراوی گلێنە
ــ ناوەند ڕەوندی کوردستانی ــ لە نۆروێژ
ــ ناوەند ڕەوندی کوردستانی ــ لە ئاڵمان
ــ ناوەندی ڕەوندی کوردستانی ــ لە بریتانیا
ــ کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
ــ کۆنفێدراسیۆنی کومەڵە کوردییەکانی سوید
بەرەی هاوکاریی ڕێکخراوە کوردستانییەکان
٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی