ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس لە پشتیوانی هەمەلایەنە لە مانگرتنی کوردستان داوای کردووە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش پەیوەست بەو مانگرتنەوە بن.
دەقی داواکارییەکە بەم چەشنەیە:
خەڵكی خەباتكار و زوڵملێكراوی ئێران
ڕێكخراوكان، كەسایەتییە سیاسییەكان، هەڵسوڕاوانی مەدەنی، هونەرمەندان و ڕووناكبیران
ئێمە وەک ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای پێزانینمان بۆ هاودڵی و پشتیوانیی بەرینی ئێوە لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی دووشەممە لە كوردستان، داواكارین بە هەر شێوازێكی بەردەست لە شار و ناوچەكانی دیكەی ئێران ڕێكخستنی ناڕەزایی و مانگرتن دژ بە زۆڵم و زۆرداریی گەشتەكانی ئیرشاد و ڕێژیمی دژەژنی ئیسلامی و یاسا دژەژنەكانی ئەو ڕێژیمە، لە دەستووری كارتاندا بێت و هەوڵی تەواوی بۆ بدەن.
ئێمە و خەڵكی كوردستان هیواخوازین و دڵنیاین كە لەم خەباتە كۆمەڵایەتی و مەدەنییەدا دەتوانین پاشەكشە بە ڕێژیم بكەین و بوارەكانی یەكگرتوویی بۆ ڕووخانی دیكتاتۆری زۆرتر فەراهەم بكەین. ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی نیشانەی هاوپشتیی بەرینی خەڵكی ئێران دژ بە یاسا دژەمرۆییەكان و دامەزراوە سەركوتکەرەكانی ئەم ڕێژیمە، دەرخەری هێز و پۆتانسیەلی بەرینی بزوتنەوەی دژە ڕێژیم بوو.
سەركەوێ یەكگرتوویی و هاوپشتیی خەڵكی ئێران
بڕووخێ كۆماری دژە خەڵكی ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی