کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتی زانایانی ئایینیی کوردستان ئێران بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

20:01 - 27 خەرمانان 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان ڕاگەیەندراویکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

هاونیشتمانیان، مامۆستایانی ئایینی، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان

هەر وەک ئاگادارن لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژیمی دژەمرۆیی ئێران کچێکی کوردی لە شاری تاران دڕندانە شەهید کرد و خەریکە ئەم تاوانە قێزەون و نامرۆڤانەیە پەردەپۆش بکات.

شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی" خەڵکی سەقز بە تاوانی دیاربوونی چەند تاڵە موویەکی قژی، تاوانێکی لەبیر نەکراوە و ستەمێکی مەزنە بە دژی مرۆڤایەتی، بۆیە ئەرکی شەرعی و ئەخلاقی سەر شانی هەر تاکێکی کورد و ئێرانییە لە ئاست ئەم ستەم و جینایەتە بێدەنگ نەبن و ڕێگا نەدەن خوێنی بە ناحەق ڕژاوی "ژینا" بەفیڕۆ بچێت و دەبێ تاوانبارانی ئەم جینایەتە چەپەڵە سزا بدرێن، ئەرکی زانایانی ئایینی ئەوەیە پاڵپشتیی جەماوەری وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بکەن و تریبوونی مزگەوتەکانیان لەمەڕ لەقاودانی ئەم جینایەت و جینایەتکارانە چالاکی بکەن.

لەو پەیوەندییەدا یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە  بڕیاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەبڕێت و داوا دەکات خەڵکی کوردستان بەپیر ئەم بانگەوازەوە بێن بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی لەمەڕ شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی".