کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پشتیوانیی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە مانگرتنی ٢٨ی خەرمانان

00:54 - 28 خەرمانان 2722

خوێندکارانی پێشڕەو و ئازادیخواز!

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!

وەك ئاگادارن لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی حیجاب، ژینا (مەهسا) ئەمینی، كچە لاوی كورد كە چەند رۆژ پێشتر لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەركوتکەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لێیدرابوو، رۆژی هەینی 25ی خەرمانان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی "کەسرای" شاری تاران گیانی لەدەستدا. پێشتریش شلێر ڕەسووڵی لەشاری مەریوان بۆ پاراستنی خۆی لە دەستدرێژیی بەكرێگیراوێكی رێژیم گیانی لەدەستدا.

لەژێر سێبەری دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بە ناوی حیجاب و داپۆشین و پاراستنی کەرامەت، رۆژ نییە کچان و ژنانی نیشتمان نەبنە قوربانی کە زیاتر لە چوار دەیەیە رۆلەکانی گەلی کورد هەر جارەو بە بیانوویەک و لە ژێر ناوێک دا دەکاتە قووربانی.

ئەگەرچی زانکۆ هەمووکات وەک بەشێک لە کۆمەڵگە قوربانیی سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە خوێندکاران وەکوو توێژی پێشەنگی کۆمەڵگە، ئەرکی بەرەوپێشبردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان لەسەر شانە و نابێت سیاسەتی ڕێژیمی ئێران لەسەر ڕێگەی چالاکییەکانیان لەمپەر بێت و ئەوە یەکەمجار نییە کە لاوانی ئێمە بە بیانووی کۆڵبەری، ژینگەپارێزی، بیروڕای جیاواز، زمان و حیجاب و هتد، ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن یان دەدرێنە بەر دەسڕێژ و دەکوژرێن. 

بزووتنەوەی خوێندکاری هەمووکات وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و پێشەنگ کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگەو گەشەسەندنی بزووتنەوە پێشڕەوەکان لە ئێران و کوردستان هەبووە، ئەمجارەش سەلماندیان کە لە پێشەوەی رووداوەکانن و ناهێڵن بە سەریاندا تێپەڕن. دەسپێکی خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆی تاران و نووسینی پلادکارد و وتنەوەی درووشمەکان بە زمانی کوردی یەکێک لە خاڵە بەهێزەکان بوو کە خوێندکاران بە گوێی رێژیمی کۆماری ئیسلامیان چرپاند.

سەرەڕای میلیتاریزە کردنی شاری سەقز، خەڵکی ئەو شارە بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی بە مەبەستی خاوەندارێتی لە ڕۆڵەکانی خۆی و سنەی قارەمانیش بووە پشتیوانی، بەڵام وەک هەمیشە کەوتنە بەر هێرش و تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کە بە بەکارهێنانی فیشەکی ساچمەیی و گازی فرمێسکڕێژ ویستیان کە بڵاوە بە خەڵکی ناڕازی بکەن و لەو پەیوەندییەدا چەندین کەس بریندار بوونە و لە شارەکانی دیکەوە هێزی تایبەتی هێناوەتە شاری سەقز و بە تەواوی ئەو شارەی میلیتاریزە کردووە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

خوێندکارانی ئازادیخواز!

وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی حیزب و رێکخراوەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموومان پێكەوە، لە رۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، دوكان و بازاڕ دادەخەین و بە مانگرتنی گشتی، بە كۆماری ئیسلامی ئێران بسەلمێنین كە كوشتنی ژنی كورد و لاوانی گەلی کورد بۆ ئێمەی خوێندکار هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە.

داوا لە سەرجەم چین و توێژەكان بە تایبەتی خوێندکاران دەكەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە دژە مرۆییەکانی ڕێژیم و بۆ پارێزگاری لە ڕۆڵەكانی گەلی كورد، رۆژی دوو شەممە بکەنە رۆژی مانگرتنی گشتی لە بەرامبەر سەرەڕۆییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

٢٧ی خەرمانانی١٤٠١