کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان خرۆشاوە و دژ بە کۆماری ئیسلامی یەک‌دەنگە

12:31 - 28 خەرمانان 2722

خەڵکی کوردستان لە زۆربەی شار و ناوچەکان بەرەوپیلی داوای ناوەندی هاوکاری و پشتیوانیی هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ ئەو مانگرتنە چوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات تا ئێستا مانگرتن بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە جینایەتی کوشتنی ژینا ئەمینی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چووە و ئەو مانگرتنە لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، شنۆ، مەریوان، بانە، جوانڕۆ، دیواندەرە، بۆکان، ورمێ، نەغەدە، کرماشان، دێولان، پیرانشار، کامێران و باقی شارەکانی دیکە بەردەوامە.

بەپێی ئەو وێنە و ویدیۆیانەش کە بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، لە بەیانیی زووەوە تا ئێستا خەڵکی کوردستان بە داخستنی دوکان و بازاڕ لە زۆربەی شارەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بە کوژرانی "ژینا ئەمینی" و ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشان داوەتەوە. هەروەها هەتا دێ مانگرتنەکان زیاتر پەرە دەستێنن و بەرفراوانتر دەبن.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان ئیدارەی ئەماکن و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕێگای هێزە لیباس شەخسییەکانەوە هەڕەشەیان لە خاوەن‌پیشە و دوکانداران کردوە کە نابێ دوکانەکانیان دابخەن. هەروەها ڕێژیم لە ترسی خرۆشانی خەڵک و بۆ ڕێگری لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بە زەبری هێز زۆربەی شارەکانی کوردستانی میلیتاریزە کردوە.