کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم لە سەقز و دیواندەرە

13:53 - 28 خەرمانان 2722

لە تێکهەڵچوونی نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم لە دیواندەرە دوو کەس بریندار بوون، لە تێکهەڵچوونەکانی شاری سەقزیش بریندارن.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ـی خەرمانان، خەڵکی شاری دیواندەرە بۆ پشتیوانی لەگەڵ بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی گشتی هاتنە سەر شەقامەکان؛ بەڵام لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە پەلامار دران.

لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی شاری دیواندەرەدا هێزەکانی ڕێژیم هەوڵیان دا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە پاشەکشە بە خەڵکی ناڕازی بکەن بەڵام خەڵکیش لێیان وەدەست هاتوون و بۆ سەلماندنی بەرزیی ئیرادەی شۆڕشگێڕیی خۆیان بەگژ هێزەکانی ڕێژیمدا چوونەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا دوو کەس لە خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی ڕیژیم بریندار بوون. خەڵکی ناڕازی بە دروشمی "ئازادیی کوردستان، خوێنی دەوێ" بەرەوڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە و تێکهەڵچوونەکان تا ئێستاش هەر بەردەوامن.

لە شاری سەقزیش سپای تێرۆریستی پاسداران بە کڵاشینکۆفەوە خەڵکی داوەتە بەر دەستڕێژ و تا ئێستا چەند کەس بەهۆی دەستڕێژیی هێزەکانی سپا بریندار بوون .

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن لەنێو خەڵکدا کچان و ژنان پێشەنگن و بێ لەچکە و سەرپۆش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردوە.