کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لوتکەی هەڵوێست و خۆڕاگری

15:46 - 28 خەرمانان 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

دوای جینایەتی ناخ‌هەژێنی ژینا ئەمینی شەپۆلێکی بەرفراوانی دڵگرانی و قینی خەڵک بەرانبەر ڕێژیم دروست بوو.  سەرەتا ئەو قینە بابەتێک نەبوو تەنیا بەرانبەر بە ئۆرگانێکی وەک "ستادی ئەمر بە معروف" بەڵکوو کۆی سیستمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باکگراوەندە ئیدۆلۆژیکی و بەڕێوەبەری و بروکراسیەکەی لە خۆ دەگرت، ئەوە خاڵێکی گرینگە کە ئیتر لە هەر ڕووداوێکدا کۆی سیستم بەرپرسیارە و ئەو ڕاستییەش لەنێو خەڵک وەک فاکتێکی سەلمێنراو دەبیندرێ.

وێڕای هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم و کاربەدەستانی ئاشکراو و نهێنی هەروەها هەڕەشە و سەرکوت بۆ چەواشەکردن و شاردنەوەی ئەو کەیسە نەک سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بە پێداگری کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و هاتنە سەر خەتی بزووتنەوەی ڕەوای کورد ئەو کەیسە لە کەیسێکی تاکە کەسی و بنەماڵەی ژینا بووە بە کەیسی ئازادیخوازی کورد و کوردستان بەرانبەر ڕێژیمێکی دواکەوتوو کە بە هەموو شێوەیەک دژی ئازادی و ماف و نرخ و نۆڕمە پێشکەوتووی مرۆڤایەتیە.

لە هەمووشی گرینگتر ڕێکخستنی ئەو قینە و ئاراستەکردنی لەلایەن دینامیکە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و ناوەندی شۆڕش بە تایبەتی، بەرەو ڕێڕەوی دژایەتیی جنایەتکاران و بەرخودانی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئازادی یەکجاری بوو، کە هەنگاوێکی بایەخدارە و دەتوانێ ببێ بە وێستگەیەکی دیکەی گرینگی شۆڕش و تێکۆشانی نەتەوەکەمان بۆ گەیشتن بە ئازادی.

لە وەڵامی ئەو ڕێکخستنە و داواکارییەدا مانگرتنی ٢٨ی خەرمانی لێ کەوتەوە کە وێڕای ئەوەی وەبیرهێنەرەوەی هەموو حەماسەکانی خەرمانانی ڕابردوو لە کات و ساتی جیاوازە، چرای بەردەوامی ناڕەزایەتیی شۆڕشە بەرانبەر بە دوژمنان.

لە دیتنی ئەو مانگرتنە و خۆپێشاندنانەی کە لەو چەند ڕۆژە کراوە و بەردەوامە و دەکرێت جارێکی دیکە بە ڕوونی سەلمێنرا کە کوردستان و کورد سەنگەری ئازادیخوازی و هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشێکی پێشکەوتنخواز و پێشڕەوی کاروانی گەیشتن بە ئازادییە.

لە خەرماناندا دوژمنی دڵ پڕ لە قینی داگیرکەر بە تۆپ و تانگ و سەرکووت، بە تیرۆر و بە جنایەت و مووشەکباران، بە چەواشە و شاردنەوە و شەڕی نەرم، بە هەر شێوەیەک کە توانیویەتی هەوڵی داوە کورد و خەبات و لاو و بیرە ئازادیخوازەکەی لە نێوبەردا. لە بەرانبەر دا دوێنی کۆبوونەوەی هەزاران کەسی لە بڕڵین و، ئەمڕۆ پاڵپشتی و پشتیوانی میلیۆنان کەس لە ڕۆژهەڵات یەک دەنگ و هەماهەنگ هاواریان کرد دوژمن خەیاڵت خاوە و هەتا کوردێک مابێ خەبات و شۆڕش بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی هەر دەمێنێ.

بە مانگرتنە جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەمان بۆ سەلمێنرا کە کوردستان سەر دانانوێنێ، کوردستان ئامادەیە و ئامادەتریش دەبێ  بۆ بەهێزترکردنی شۆڕش، لە هەمووشی گرینگتر ئیرادەی گەل بەهێزترە لە هێزی داگیرکەری دواکەوتوو و دڕەندە. جارێکی دیکە بۆ هەموومان بۆ دۆست بۆ دوژمن دەرکەوت کوردستان لوتکەی هەڵوێستە، هەڵوێستێکی پێشکەوتوو بۆ هەبوونی ژیانێکی ئازاد و شایانی مرۆڤ و نەتەوەیەکی ئازاو مافخواز و ڕاپەریو. جارێکی دیکە نیشانی دایە کە هێز لە یەکگرتن و یەکگرتوویی دایە و ئەمە وەڵامێکیش بوو بۆ یەکگرتنەوەی دێموکرات و ناردنی ئەو پەیامە کە گەورەترین دەسکەوتەکان بە یەکیەتی و یەکگرتوویی وەدی دێن.

کوردستان لوتکەی هەڵوێستە بەرانبەر داگیرکەرانی خاک و ئازادی، لوتکەی بەرخودانێکە کە ئاسۆی ڕوونی سەرکەوتن ڕوونتر و ڕوونتر دەنوێنێ.