کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داواکارییەکی بڵاو کردەوە

19:20 - 28 خەرمانان 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەئەنجامگەیشتنی سەرکەوتووانەی مانگرتنەکان لە کوردستان سپاسنامەیەکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان، چالاکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان بڵاو کردەوە و هەروەها چەند داواکاریشی خستە ڕوو.

دەقی داواکاری و سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

 خەڵكی خەباتكار و ئازادیخوازی كوردستان

هەڵسوڕاوان، حیزب و لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنی و پیشەییەكان پیرۆزبایی سەركەوتوانەی مانگرتنی گشتیی و سەرتاسەریی كوردستانتان لێدەكەین كە پەیامێكی ناڕەزایی بەهێز و رۆشن دژ بە زوڵم و بێدادی ڕێژیمی دژە خەڵكیی ئێران بوو.

ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی، جەماوەری ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە بە هاوئاهەنگییەوە ئەم جووڵە سیاسییە گەورەیان بە شێوەیەكی باش بەڕێوە برد.

لەهەموو كەسایەتییەكان، ڕێكخراوە سیاسی و پیشەیی و مەدەنییەكان، هونەرمەندان و چالاكوانان لە سەرتاسەری ئێران و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سپاس دەكەین كە بێوچان پشتیوان و هاوكار بوون.

تاكتیكی مانگرتنی سەرتاسەری كوردستان بووە هۆی ئەوەی زۆرترین هاوپشتی لەنێوان سەرتاسەری خەڵكی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆ و دەرەوە دروست بێت. ئەمەش دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ درێژەدان بە یەكگرتوویی بۆ دەستبەركردنی دێموكراسی و ئازادی و ڕووخانی كۆماری ئیسلامی. سپاسی هەمووان دەكەین و ڕێز لەو هاوپشتی و هاوئاهەنگییە دەگرین.

ئێمە خوازیاری ئەوەین كە:

1. سەرجەم گیراوەكانی ئەم دواییە و هەڵسووڕاوانی مافەكانی ژنان بەپەلە ئازاد بكرێن.

2. خوازیاری سزادانی بكەران و ئەنجامدەرانی كوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینین و چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكە دەكەین.

3. گەشتەكانی ئیرشاد كۆبكرێنەوە، حیجابی زۆرەملی و شێوازی پۆشاكی ژنان ئازادانە بێت.

4. كۆتایی بەو كەشە ئەمنییەتی و مێلیتاریزمە بێت كە لە شارەكانی كوردستاندا هەیە.

بۆ دەربڕینی ئەم داواكارییانە ئەمڕۆ دووشەممە 28ی خەرمانان لەپاش كاتژمێر 18:00 (6ی ئێوارە) كۆبوونەوەی هێمنانە لە سەرجەم شارەكان بەڕێوە دەبەین و هاودڵی خۆمان لەگەڵ ژینا و هەموو ژنانی ستەملێكراو دەردەبڕین و یەكدەنگ ڕایدەگەیەنین كە ژنان بناغەی سەرەكی كۆمەڵگا و هۆكاری ژیانن و جەخت لەسەر دەستبەركردنی خواستەكانی بزوتنەوەی ژنان لە ڕێگای ئازادی و یەكسانی دەكەیەنەوە.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١