خەڵکی خەباتکار و بەهەڵوێستی کوردستان!
ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان!
ژنان، لاوان و تێکڕای چین و توێژەکانی کوردستان!
دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتی و تووڕەیی ئێوە لە گیران و کوژرانی کیژەلاوی کورد، ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە تاران، ئەوڕۆ ئێوەی خاوەن هەڵوێست لە سەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ناڕەزایەتییەکی گەورە و کەموێنەتان لە شکڵی مانگرتندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە برد.
مانگرتنەکە و ئەو کارە مێژوووییەی کە ئەوڕۆ ٢٨ی خەرمانان لە هەموو شار و شارۆچکە و دێهاتەکانی کوردستان بەڕێوەتان چوو، نیشانەی ئەوپەڕی هەڵوێست و لوتکەی گەشەی بیری نەتەوەیی و سیاسیتان بوو کە پێکەوە پیشانی دنیاتان دا. هەربۆیە پڕ بەدڵ و بەوپەڕی شانازییەوە سڵاوتان بۆ دەنێرین و سپاستیان دەکەین.
مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ئێوە لەم چەند ڕۆژەدا لە لایەکەوە هاواری پڕ بەگەرووی گەلێک بوو بە ڕووی دنیای دەرەوە، کە ڕێژیمێک لێرە بەسەر وڵاتەکەماندا حوکم دەکا کە بە هیچ جۆرێک دەروەست بە پەیماننامە و جاڕنامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لە دنیادا نییە و ڕۆژ نییە کە چەندین لاو و ژن و پیاوی ئەم نیشتمانە بەبێ هیچ هۆکارێک و تەنیا بە تاوانی کورد بوون دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندانەکانیان نەکا و تەنانەت گیانیان لێ نەستێنێ. وەک چۆن بە بەرچاوی هەموو دنیاوە و لە تازەترین جینایەتیشیاندا، ژینا ئەمینی، تازەلاوی دڵ پڕ لە ئاواتیان تەنیا بەبیانووی دیاربوونی چەند تاڵە قژێکی بە ڕۆژی ڕووناک بە لێدان و ئەشکەنجە کوشت و گیانی پاکیان لێ ستاند.
خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری کوردستان!
مانگرتنەکە و ناڕەزایەتییەکانی ئێوەی خەڵکی خۆڕاگر لەم چەند ڕۆژەدا و بەتایبەت لە ٢٨ی خەرماناندا، بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەموو لایەکی گوتەوە کە خەڵکی کوردستان لە هەمبەر دەستدرێژی و کوردکوژی و زوڵم و ستەمەکانی ئەواندا بێدەنگ نابن و ڕێگا نادەن کە چییان پێ خۆش بێ بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان بیکەن. هەروەها ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان کرا، ئاکامی یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی هەموو لایەکتان و هەموو لایەکمان لە کوردستان بوو کە پێشانی دایەوە بێتوو پێکەوە یەکگرتوو بین، دەتوانین لە هەموو بەرەکاندا پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی بکەین.
جارێکی تر بە گەرمی سپاسی هەڵوێست و بەدمەوەهاتن و خوڵقاندنی ڕۆژی مێژوویی ٢٨ی خەرمانانتان لێ دەکەین، شانازیتان پێوە دەکەین و تا سەرکەوتنی یەکجاری و ڕزگاریی وڵاتەکەمان لە دەست کۆماری ئیسلامی پێکەوە درێژە بە خەباتمان دەدەین.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١