کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکانی ئێران دژی دڕندەیی ڕێژیم گەیشتنە سێهەم شەو

11:34 - 29 خەرمانان 2722

ئورشەلیم پۆست-سێت جەی فرانتزمەن

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان دژی توندوتیژیی پۆلیس دژی ژنان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، خۆپیشاندانەکان بۆ سێهەمین شەو بەردەوام بوون. ناڕەزایەتییەکان دوای کوشتنی مەهسا ئەمینی، ژنێک کە لەلایەن گەشتی "ئیڕشادی" ئێران لە کاتی سەفەرێک بۆ تاران دەگەڵ بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرابوو، دەستیان پێ کرد.

هەواڵەکان لە ناوچەی کوردستانی ئێرانەوە، ناوچەیەک لە باکووری خۆرهەڵاتی ئێران، باس لەوە دەکەن کە ڕێکخراوەکانی مەدەنی "دژی ئەشکەنجە و کوشتنی ژینا مەهسا ئەمینی بەدەست هێزەکانی ئێران" داوای مانگرتنی گشتییان کردوە. ڕێکخراوە جیاجیاکانی کورد پشتیوانییان لەو ناڕەزایەتییانە دەربڕیوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئێرانییەکان، ژنە لاوەکە سێشەممەی ڕابردوو دەستبەسەر کرا و دوای لێدرانی لەلایەن پۆلیسەوە کەوتە دۆخی کۆماوە. ئەو بۆیە دەستبەسەر کرا چونکە ئێران پۆلیسی "ڕەوشتیی" حکوومەتی ئایینیی دڕندەی هەیە کە بە هۆی ئازار و ئەزیەتی ژنان بەناوبانگە و ئەوان بەوە تاوانبار دەکا کە داپۆشینی قژی سەریان بەگوێرەی ستانداردی دیاریکراو لەلایەن ڕێژیمەوە لە بەرچاو ناگرن.

دوای دەستبەسەرکران، ناوبراو بردرایە وێستگەیەکی پۆلیس و پاشان ڕاگەیەنرا کە لەوێ بێهۆش بووە و بردراوەتە نەخۆشخانە. پۆلیس ئیددیعای کرد کە ئەو جەڵدەی لێی داوە، بەڵام بنەماڵەکەی دەڵێن ئەو ئەشکەنجە کراوە و مێشکی خوێنبەر بووە. ڕۆژی هەینی هەواڵی کۆچی دوایی ناوبراو پشتڕاست کرایەوە و کاربەدەستانی ئێران تێگەیشتوون کە کوژرانی ژنێکی لاو بەدەستی پۆلیس، دەبێتە هۆی تووڕەیی خەڵکی ناوچە. ناوەندە پەیوەندیدارەکان هەوڵیان داوە پاساو بێننەوە و ڕەوایی بە مەرگی ئەمینی بدەن، ئەوان تەنانەت وێدەچی دانیان بە هەڵەش دانابێ، بەڵام تووڕەیی خەڵکی ئاسایی وای کردوە ئەوان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

کورد ڕژاونە سەر شەقامەکانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە کوردییەکانی ئێرانەوە دەستیان پێ کرد، هێندێک کورد لەسەر ئەو بڕوایەن کە کوشتنی ئەمینی پەیوەندی بە سەرکوتی کەمینەی کورد بە شێوەی گشتییەوە هەیە. هۆیەکەی ئەوەیە کە ناوچە کوردییەکان کولتووری تایبەتی خۆیان هەیە و ڕێژیم لە بەراوەرد لەگەڵ فارسان، هەڵسوکەوتی جیاوازی دەگەڵ کوردان لە تاران هەیە. بەگوێرەی هەواڵە ئێرانییەکان، ناڕەزایەتییەکان لە ورمێ، کرماشان، سەقز، ئیلام و سنە بەڕێوە چوون.

بە گوتەی کوردستان ٢٤ (K24) لە ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی پارتی دێموکڕاتی کوردستان مەسعود بارزانی، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بنەماڵەی مەهسا (ژینا) ئەمینییەوە گرتوە. کەی ٢٤ گوتی "لە لێدوانێکی نووسینگەی ئەو ڕێبەرە کوردەدا هاتووە کە سەرۆک بارزانی سەرخۆشی لە بنەماڵەی کچە کوردە تەمەن ٢٢ ساڵەکە کردوە و هیوای ‌هێمنی و خۆڕاگریی لەو کاتە دژوارەدا بۆ بەئاوات خواستوە." ئەو هیوای خواستوە کە دادپەروەری بەڕیوە بچێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەمینی حەوتووی ڕابردوو کاتێک دەگەڵ بنەماڵەکەی سەفەری بۆ تارانی پایتەخت کردبوو، بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستبەسەر کرا. دواتر ناوبراو نێردرا بۆ نەخۆشخانە و هاوکات کە لە دەستبەسەریی پۆلیسدا بوو، سێ ڕۆژ لەوێ کەوتە کۆماوە. هەواڵەکان خێرا باسی ئەوەیان کرد کە مردنەکەی بە هۆی ئەو لێدانە بووە کە لە کاتی دەستبەسەربووندا لێی درابوو. دەوڵەت حاشای کرد و گوتی ئەو بەهۆی جەڵدەی دڵ مردوە. دایکی ئەمینی ئەو قسەی وەدرۆ خستەوە و گوتی "کچەکەی پێشینەی هیچ نەخۆشییەکی نەبووە."

کەی ٢٤ ڕایگەیاند کە "لە کاردانەوەیەک دژی مردنی گوماناوی ژنە کوردە ٢٢ ساڵەکە، مەهسا (ژینا) ئەمینی، کە دوای دەستبەسەرکران لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت! و بە هۆی دانەپۆشینی خۆی بەشیوەی گونجاو دەستبەسەر کرابوو، مانگرتنێکی ڕێکوپێک لە شارەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چووە ... گرتە ڤیدیۆی نێردراو لە لایەن چالاکانەوە ئاشکرای دەکەن کە دووکاندارەکان دووکانەکانی خۆیان لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، بانە، دێوڵان، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، شنۆ و جوانڕۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخستووە."

ئێران تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد

ئێران هەوڵی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی داوە. گرتە ڤیدیۆییەکانی سەرهێڵ نیشانی دەدەن کە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێ و پۆلیس لە ژنان دەدا. لەو شارانەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچن، هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە یان خێراییەکەی کەم کراوەتەوە. نێت بڵاکس ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە سنە دەستی بە ئینتەرنێت ڕاناگات.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەوە تاوانبار کراون کە لە هەوڵی خۆیان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران، تەقەیان لە منداڵێک کردوە و گرتە ڤیدیۆ بڵاو کراونەوە کە نیشان دەدا ژنان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیم، لێچکەیان لە سەریان کردۆتەوە.

لە سەقز، شوێنێک کە ناڕەزایەتییەکان چەند ڕۆژ لەوەپێش دەستیان پێ کرد، خۆپیشاندەران ئاڵای ئێرانیان داگرتوە. هێندێک ماڵپەڕی کورد ڕێژیمی ئێران وەک "داگیرکەری" ئەو ناوچەیە ناو دەبەن.

چەند حیزبی سیاسیی کورد دەیان ساڵە دژی ڕێژیم خۆڕاگریی دەکەن؛ لەنێویاندا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و پژاک. لەو ناوچەیە چەند تاقمی کورد چالاکن کە دژی ڕێژیمن. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئێستا نارەزایەتییەکان پەرە دەستێنن بۆ دەرەوەی ناوچە کوردییەکان و ناوچەکانی خۆراوای ئێران.

سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی ئەو حەوتوویە سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەو لەو دواییانەدا لە لایەن بەرنامەی ٦٠ خولەکی سی بی ئێس وتووێژی دەگەڵدا کراوە و لەویدا لە بارەی کۆمەڵکوژیی جوولەکان  پرسیاری لێ کراوە. وێناچێ ئەو ڕێبەرەی ئێران لەبارەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤەوە، کوشتنی ژنێک کە حیجابی پێوە نییە، یان پێشێلکاریی دژی کەمینەکان پرسیاری لێ کرابێ.

ڕێژیمی ئێران لە ڕابردوودا لەبەر توندوتیژیی پۆلیس، وەک ئەوەی دوای کوژرانی جۆرج فلۆید ڕووی دا، ڕەخنەی لە وڵاتە یەکگرتووەکان گرتوە. ئاشکرا نییە ئاخۆ لەو ڕێژیمە لەمەڕ دەوری خۆی لە کوشتنی ژنانی وەک ئەمینی پرسیاری لێ کراوە یان نا.