هاوکات لەگەڵ بنبەستیی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان و بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی توندی دایە ڕێژیمی تاران کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، دوای سەری ساڵی زایینی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "فاکس نیوز"، دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەدەست نەیەت، خوازیاری ئەوەیە دوای دەستپێکردنی ساڵی نوێی زایینی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هێشتا بەردەوامن، بەڵام ڕەخنەی توندی لە ڕەوتی دانوستانەکان گرت و وتی: "ئەوان بەردەوام قسە دەکەن، بەڵام تەنیا کارێک کە دەیکەن قسەکردنە و هەمووشی قسەی بێمانا و پڕوپووچە."
ترامپ هەروەها لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە ڕاپۆرتی میدیا حکوومەتییەکانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، وتی هیوادارە کەشتی و بەلەمە ئێرانییەکان کارێکی لەو شێوەیە بکەن.
ناوبراو هۆشداریی دا کە لە ئەگەری هەوڵدانی ئەو کەشتییانە بۆ شکاندنی گەمارۆکە، هەموویان وەک بەشەکانی دیکەی هێزی دەریایی ئێران دەچنە قووڵایی دەریاوە.