هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە دەریاییەکان و بەردەوامیی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە ٢٥ی خەزەڵوەرەوە تا ئێستا ٧ نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز کراونەتە ئامانج و ئاستی هەڕەشەی ئەمنییەتی لەو ڕێڕەوە ئاوییەدا هێشتا بە " زۆر بەرز" هەڵدەسەنگێندرێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە حەفتانەیەی ناوەندی بازرگانیی دەریایی بریتانیا کە ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەز بڵاو کراوەتەوە، سێ نەوتهەڵگر لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی خەزەڵوەر، لە کاتی دەرچوون لە گەرووی هۆرمۆز، لە مەودای ٨ بۆ ١٧ مایلی دەریایی شاری "خەسەب"ی عومان، بە تەقەمەنی و هاوێژراوی نەناسراو کراونەتە ئامانج. دوو لەو نەوتهەڵگرانە ئاگریان گرتووە، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە زیانی گیانیی تیمی کەشتییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم ناوەندە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان، هەوڵدان بۆ هێرش و کردارە تێکدەر و بشێوییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دژی کەشتییە بازرگانییەکان، لەوانە فڕینی دڕۆنەکان، چاوەدێریی ئامانجدار بۆ سەر کەشتییەکان و پەیوەندییە ڕادیۆییەکان، هێشتا بەردەوامن.
بازرگانیی دەریایی بریتانیا ئاماژەی بەوەش کردووە کە بانگەشەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرکەوتنی نەوتهەڵگرەکان بە مینە دەریاییەکان، تائێستا لەلایەن هیچ ناوەندێکی فەرمییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عومان بەردەوامە؛ بەپێی ئامارەکانی سێنتکام، تا ٢٠ی خەزەڵوەر نزیکەی ١٥٠ کەشتیی بازرگانی ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و پێنج کەشتیش لە ڕەوتی جێبەجێکردنی گەمارۆکەدا لەکار خراون.