کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مەلا مستەفا ئیزەددووست، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد

08:37 - 2 سەرماوەز 2726

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، مەلا مستەفا ئیزەددووست، ناسراو بە "مەلا مستەفا خدر کاکەلی"، ئەندامی نهێنی و دێرینی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

مەلا مستەفا ساڵی ١٣٢١ لە ئاوایی خوڕخوڕەی ناوچەی شاروێران سەر بە شار مەهاباد لە بنەماڵەیەکی مامناوەند و جووتیار لەدایک بوو.

ناوبراو لە تەمەنی حەوت ساڵیدا هەر لە مزگەوتی ئاوایی خۆیاندا دەستی بە خوێندنی وانە ئایینەییەکان کردووە.

ناوبراو بۆ خۆپێگەیاندن ڕووی کردە ئاوایی و ناوچەکانی دیکە لە شاری مەهاباد، لە خزمەت مامۆستایانی ئایینی و شۆڕشگێر و نەتەوەیی وەک مەلا مستەفا حەیرانی، مامۆستا حوسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عیزەددین حوسێنی و مامۆستا مەلاکەریم شاریکەندی درێژەی بە خوێندن داوە.

مامۆستا بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و نەتەوەییەوە، ساڵی ١٣٥٣ لەلایەن دەزگای ساواکی پاڵەوییەوە دەسبەسەر کرا، بەڵام ئازار و ئەزیەت و ئەشکنجەی ساواک نەیتوانی لەسەر بیروباوەڕی شوێندانەری دابنێ.

ناوبراو کەسایەتییەکی سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچە و دەورووبەری بوو.

جێگای ئاماژەیە دوو کوڕی مامۆستا بەهۆی بیروباوەڕی نەتەوەییەوە، ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئاخوندی دەسبەسەر کران و هەر یەکەی بە دوو ساڵ سزا دراون.

ناوبراو هەموو ئاواتێکی ئازادی و ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە چاوی خۆی ببینێ، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای پێنەدا بە ئاواتە لەمێژینەکەی بگات.

تەرمی ناوبراو ڕۆژی هەینی لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی شاروێران و دەورووبەری لە گۆڕستانی شەبەکی خوڕخوڕە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.