کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری هامبۆرگی وڵاتی ئاڵمان خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

08:13 - 2 سەرماوەز 2726

ڕۆژی شەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە شاری هامبۆرگ، خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە زیندانییە سیاسییەکان و دەنگهەڵبڕین دژی ئێعدام و سەرکوت و دەسبەسەرکردنی بێبنەمای هاووڵاتییان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە چوو.  خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد .
کاک عابد کەریمی پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا ئاماژەیەک بە ڕێژەی لەسێدارەدان کرابوو کە بەم شێوە بوون:
ـ بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ١٨٥٨ کەس لە ئێران ئێعدام کراون کە ٢٦٤ کەسیان کورد بوون. هەروەها ٤٣ کەس بە تۆمەتی سیاسی، ئایینی و هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی بیانی ئێعدام کراون.
ـ لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، هەنگاو ئێعدامی ٤٦ بەندکراوی کوردی تۆمار کردووە.
ـ بەپێی دوایین نوێکردنەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ١٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٦دا، ژمارەی ١٤٧ بەندکراوی سیاسی و ٤١٣ دەسبەسەرکراو لەم ناوەندانەدا تۆمار کراون.
ـ تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٨٥ کەس لە ئێران ئێعدام کراون.
بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە مرۆییە لە پەیامەکاندا چەند داواکاری دەستنیشان کرابوون کە بەم شێوەیە بوون.
١. ڕاگرتنی دەستبەجێی ئێعدامەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو حوکمەکانی ئێعدام، بە تایبەتی ئەو حوکمانەی دژی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی دەرچوون.
٢. ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی هەموو زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی.
٣. کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دادگاییە نادادپەروەرانەکان.
٤. هەنگاوی جیددیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەو زیندانییانەی کە لە مەترسیی ئێعدامدان.
٥. پشتیوانی لە خەباتی مەدەنی و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری.
لە درێژەدا کاک کاوە ئاریان بە زمانی ئاڵمانی و کاک ڕامین شەریفی بە زمانی فارسی ئەو پەیامەیان خوێندەوە.
لەدرێژەدا کاک ئیدریس ڕەحیمی پەیامێکی لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (کنشگران حقوق بشر ایران) خوێندەوە و بەتوندی شەپۆلی ئێعدامی چالاکانی سیاسی و سەرکوت و توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان و هەروەها دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی مەحکووم کرد.
چەند پەیامێکی دیکە لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا لە لایەن پێکهاتە سیاسییەکان و کەسانی سەربەخۆ خوێندرایەوە و هەروەها بە درێژایی خۆپیشاندانەکە دروشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی ئاڵمانی و فارسی و کوردی بەرز کرانەوە .