هاوکات لەگەڵ نەبوونی ژێرخانی پێویست، کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم و نەبوونی ئیمکاناتی سەلامەتی و فریاگوزاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماری قوربانیانی خنکان لە پارێزگای کرماشان لە حەوت مانگی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٧ کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"، بێهتاش خانیئاباد، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەریی کرماشان ڕایگەیاندووە کە لە حەوت مانگی ئەمساڵدا ٢٧ کەس (١٨ پیاو و ٩ ژن) بەهۆی خنکانەوە گیانیان لەدەست داوە، لە کاتێکدا لە حەوت مانگی ساڵی ١٤٠٤دا تەنیا چوار پیاو گیانیان لەدەست دابوو.
ناوبراو سەبارەت بە شوێنی ڕوودانی ئەم ڕووداوانە وتوویەتی کە لە کۆی ٢٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان، ١٥ حاڵەت لە ڕووبارەکان، ١٠ حاڵەت لە دەریاچە دەستکردەکان و بەنداوەکان و دوو حاڵەتیش لە مەلەوانگەکاندا ڕوویان داوە.
ناوبراو هۆکاری زۆربەی ئەم ڕووداوانەی لە ئاوە کراوەکاندا بۆ نەزانین، کەمتەرخەمی و ڕەچاونەکردنی بنەماکانی سەلامەتی گەڕاندووەتەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی سیاسەتی پەراوێزخستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و ناوەندی مەلەکردنی ستاندارد، هاووڵاتییان ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی دەبنەوە.