کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژينا ئەمينى ـ محەممەد بوعەزيزى ـ سەقز

13:30 - 29 خەرمانان 2722

كاروان عەبدوڵڵا

ئەو ڕۆژەى لە داخى پۆليسى سەركوتگەرى توونس "محەممەد بوعەزيزى"، گەنج كە لەسەر عەرەبانە دەستيیەكەى شتى دەفرۆشت و سوكايەتييان پێكرد، ئاگرى لە جەستەى خۆى بەردا، بەدوايدا خەڵكى توونس ڕژانە سەر شەقام و ڕق و تووڕەيى چواردە ساڵەى خۆيان بەسەر پۆليس و دەسەڵاتى ئەو وڵاتە و (زەين عابدين)دا ڕژاند و شۆڕشى هەژاران و خەڵكى ستەمديدە و كرێكاران و زەحمەتكێشان تەرمى بوعەزيزيان خستە سەر شان و كۆتاييان بە حوكمى عابدين هێنا. مەرگێک، مەرگى بوعەزيز، بووە داينەمۆى شۆڕشى ڕاپەڕين و بە مەرگى خۆى زۆربەى سيستمە سياسييەكانى جیهانی عەرەبی قڵپ كردەوە، مەرگى بوعەزيز وەچەرخانێکی گەورە بوو لە باكورى ئەفريقا، دواتر پەڕييەوە بۆ ميسر، يەمەن، سووريە و ليبي و (بەهارى عەرەبى) لێكەوتەوە. دەرهاویشتە و دەرئەنجامەکانی بەهاری عەرەبی هەرچییەک بن و بەرەو هەر ئاراستەیەک چووبێتن، لە گەورەیی قوربانیدانی بوعەزیز و کاریگەریی هەڵوێستەکەی کەم ناکاتەوە.

كوشتنى (ژينا ئەمينى) كچە كوردى سەقزى خۆرهەڵاتيش لەلايەن پۆليسى ئادابەوە، بەبيانووى ئەوەى جلەكانى نەشياو بووە، پاش لێدان و سووكايەتى، پۆليس قۆڵبەستى دەكات و ئازار و ئەشكەنجەى دەدەن، تا سێ ڕۆژ لە بيمارستان مايەوە و دواتر گيانى سپارد، مەرگى ژيناش سەرئەنجام دەبێتە مايەى تووڕەيى و نيگەرانیى خەڵكى سەقز و ڕۆژهەڵات.

چ بيانوويەكى نالۆژيكى و نامۆڕاڵييە بەهۆى جلوبەرگەوە، گيان لە كەسێك بستێنى و چ زاڵمانەيە ئەم هەموو سووكايەتييە، چ سەختە، کە ئامادە بێت جەستە بکاتە قوربانیی ئەو کەرەستەیەی جەستەی پێ دادەپۆشرێت، هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕووداوەى تێدا ڕوو نەدات.

ئايا گرفتى ئينسان جلوبەرگييەتى؟ يان عەقڵ و حوكمڕانييەكەيەتى؟ خەڵكى ئێران دەيانەوێت ئازاد بژين، ئازاد جل بپۆشن، ئازاد بخۆن و بخەون، گرفتەكە ئەوەيە ئينسان داواى عەداڵەت دەكات، داواى ماف و پاراستنى كەرامەت دەكات. داواى ئەوە دەكات ژن وەكو ئينسان سەير بكرێت، كورد وەكو ئينسان سەير بكرێت، فارس و تورك و كورد حسابى هاوڵاتييان بۆ بكرێت. بەڵام لە غيابى هەموو ئەو بێ مافى و ناعەداڵەتييەدا ناچار پەنا بۆ كوشتن، زەبروزەنگ دەبرێت بە بيانووى حيجاب. بەردەوامبوونی دەسەڵاتی سیاسیی ئێران لەسەر ئەم جۆرە کردەوانە، مێکانیزمێکی ئەو دەسەڵاتە خۆیەتی، کە بە حیسابی خۆی دەیەوێت بەمە گرفتە سیاسی و ئازادییە تاکەکەسییەکان لە بیر خەڵک بەرێتەوە. بێئاگا لەوەی ئەمە هێندەی تر ئەو گرفتانە قووڵتر دەکاتەوە.

ئەوەى دوێنى لە سپاردنى تەرمى ژينا لە گۆڕستانى سەقز بينيمان، پێمان دەڵێت تووڕەيى خەڵكى كوردستان گەيشتووەتە سەرى لووتيان و بێزارن لەم ژيان و جەورە، بێزارن لەم كوشتن، كوشتار و هەژارى و دەست‌تەنگيە.

بێزارن لە سووكايەتى بە ژنان و كچان، سووكايەتى بە هونەر، كولتوور، زمان، ئۆلگوو، ڕەمز و سيمبولەكانيان.

بێزارن لە قسەى نەوتراوى قوڕگى قوفڵدراوى بێ‌ئازادييان و خەريكە دەخنكێن.

بێزارن لە نەبوونى سفرەيەكى شايستەى ئينسانى و خاڵى لە تێربوونيشيان.

دەبێت بزانرێت ئەو هەموو خرۆشانە جەماوەرييەى سەقز و شارەكانى تر، بەرهەقە و هەقانييەتى هەيە، ئەوان هەموويان (ژينا)ن و بەو ڕووداوانە حەرەكەتى ڕەوڕەوەى مێژوويى گۆڕان خێراتر دەبێت.

ئەوەى خەڵكى سەقزى هێنايە سەر شەقام و فەزاى كپى گۆڕستانى گۆڕى بۆ نركە و هاوار و سروودى شۆڕشگێڕانە و حەماسە و خرۆشى خەڵكى سەقزى شۆڕشگێڕ و شارەكانى تر، بە تەنها پرسێكى سادەى بەخاکسپاردنی ژنێك نييە، بە تەنها پرسى مەرگى ژينا نييە.

نازانم دەزانن يان نا، پرسى هاوارى ناو گۆڕستان، پرسى هەموو ماڵێكى سەقزە، پرسى هەموو ماڵێكى ڕۆژهەڵاتە، پرسى كۆلێت و ماڵەكانى سنە، مەريوان، بۆكان، مەهاباد، جوانڕۆ، بانە، سەردەشت، لوڕستان و ورمێيە.

پرسى دەنگهەڵبڕينە، مەرگى ژينا بيانوويەكى كوردانەى حەقانييە، كە هەموو سات، چركە و سەعاتێك، ڕۆژێك، مانگ و ساڵێ ئامادەيە و سازە.

دڵنيام مەرگى (ژينا ئەمينى) سەقزى ڕێكاوڕێك هاوشێوەى مەرگى (محەممەد بوعەزيزى) توونسە، كە ئەويان لە توونس و ئەميان لە سەقزە، بەڵام ماجەراكە يەك مانا و مەدلوول، يەك پرس و يەك ڕيوايەت و چيرۆكى هەيە، كە سووكايەتى و شكاندنى كەرامەتى ئينسانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.