ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانان، ڕەوەندی کوردستانی لە شاری ڤەنکۆڤەر لە وڵاتی كانادا، هاوكات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لە ناوەندی شاری ڤەنكۆڤەر خۆپیشاندانێكی جەماوەرییان دژی كوشتنی "ژینا ئەمینی" بەڕێوە برد.
ئامادەبووان بە بەرزكردنەوری ئاڵای كوردستان و كانادا، وێنەی ژینا و پلاكاردی جۆربەجۆر، قەتڵی ژینایان مەحكووم كرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی كرد ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرن و سیاسەتی كوردكوژی كۆتایی پێ بێنن.
ئامادەبووان داوایان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ كرد دژی ئەو كردەوانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوێستی جیددی بگرن.
لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی ئێرانی بەشدار بوون و وێڕای كوردستانییان بە وتنەوەی دروشمی ''ژن، ژیان، ئازادی، تۆ ژینای كوردستانی، لە دڵی هەموو كوردانی''، پشتیوانیی خۆیان بۆ كوردستان دەربڕی و كوشتنی ژینایان شەرمەزار كرد.
هەروەها ''تەڵا خۆشکەلام'' بە نوێنەرایەتی کوردانی ڤەنکۆڤەر وتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای مەحكوومكردنی كوشتنی "ژینا ئەمینی" ڕایگەیاند، كوردبوون هۆكاری كوشتنی ناوبراو بووە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا داوای یەكڕیزیی كوردستانی كرد و ڕووی لە وڵاتانی كاریگەری جیهان كرد پشتیوانی لە كوردستان بكەن تاكوو ئەو ستەم و زۆردارییە دژی خەڵكی كوردستان كۆتایی پێ بێت.