کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە جەنگاوەرێكی خۆرەتاوی میوانە

14:00 - 29 خەرمانان 2722

کاک "ئەحمەد فەرەجی" پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت و فریادڕەسی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان، سەنگەری خەباتی بە هاوڕێیانی ئەسپارد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی کاک "ئەحمەد فەرەجی" پێشمەرگەیەکی کوردستان کە لە پێشمەرگە دێرینەکانی نێو سەنگەری خەبات و خۆڕاگری بوو بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هاوسەنگەرانی کرد و بۆ هەتاهەتایە لە یاد و دڵی هاوڕێیان و خەڵکەکەیدا مایەوە.

کاک "ئەحمەد" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە "نۆدشە" سەر بە پاوە لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە دایک و باوکێک بە ناوەکانی " فاتمە و محەممەدشەریف" چاوی بە دنیا هەڵێناوە.  بنەماڵەکەی جیا لە کاری جۆڵایی کاری وەرزێڕیشیان کردووە.

ناوبراو لەلایەن دایک و باوکییەوە نێردراوەتە بەر خوێندن و هەتا پۆلی شەشی سەرەتایی دەرسی خوێندووە و دواتر وازی لە خوێندن هێناوە. دواتر لە سەردەمی لاویدا وەک ئەندامی حیزبی دێموکرات دەستی بە کار و چالاکی کردووە.

ناوبراو دواتر بووەتە پێشمەرگه و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە هێزی "شاهۆ" سازمان دراوە و درێژەی بە تێکۆسانی نەتەوەیی خۆی داوە.

لە ساڵی ١٣٦١ هەتا ١٣٦٩ی هەتاوی لە هێزی "شاهۆ"دا چالاکیی پێشمەرگانی کردووە.

ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی بەهۆی خۆمپارەبارانی ڕێژیمی تاران بە قورسیی بریندار بووە.

ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی هەتا ١٣٧١ لە کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامیی ئەو کاتدا درێژەی بە کارەکانی داوە.

لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە بەشی پێوەندییەکان دەستی بە چالاکی کردووە.

ناوبراو دواتر لە بەشی ماڵی و تەدارووکاتی حیزبدا کاری کردووە.

کاک "ئەحمەد فەرەجی" یەکێک لە قوربانیانی چەکی شیمیاییش بوو و هەتا ئەو کاتەی زیندوو بوو بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو چەکە ئازار و ئەزیەتی کێشا.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای هاوسەنگەرانی لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لەدەستدانی ئەو پێشمەرگە دڵسۆز و وەفادارە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.