کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەمی و پاڵپشتیی فێدراسیۆنی کومەڵە کوردییەکانی فەرانسە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

14:48 - 29 خەرمانان 2722

فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرانسە پشتیوانی و هاوخەمیی خۆی، بەبۆنەی کوژرانی "ژینا ئەمینی" بەدەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کچێکی کورد بە نێوی "ژینا ئەمینی" خەڵکی شاری سەقز لە ڕوژهەڵاتی کوردستان، کە لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی تارانیان کردبوو، لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە بەبیانووی بێ حیجابی دەسبەسەر کرا و دواتر ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوویەوە و گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، ناڕەزایەتیی بەرین هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و خەڵک دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتدارانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و بەگوێرەی زانیارییەکان چەند کەسێک کوژراون و دەیان کەسیش بریندار و دەسبەسەر کراون.

ئێمە لە فێدراسێۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فەرانسە هاوخەمیی خۆمان بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی و بنەماڵەی قوربانییانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین و هێرشی هێزەکانی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەرانی ڕۆژهەڵات مەحکووم دەکەین و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵاتی خۆڕاگر.